رووداو دیجیتاڵ
کارکردن لە بەنداوی گۆمەسپان لە سنووری پارێزگای هەولێر بەردەوامە. بەڕێوەبەری پڕۆژەکە دەڵێت، 90٪ی کارەکانی تەواو بوون و ئەم هەفتەیە دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 14ی ئەیلوولی 2024 عەبدوڵڵا گەردی، جێبەجێکاری پڕۆژەی بەنداوی گۆمەسپان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "زیاتر لە 90٪ی کارەکانی بەنداوی گۆمەسپان تەواو بوون. تەنیا هەندێک کاری بچووک ماون و ئەم هەفتەیە لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەکرێتەوە".
جێبەجێکاری پرۆژەکە دەڵێت: "گوژمەی پڕۆژەکە 95 ملیار دینارە، رووبەری بەنداوەکە 6 ملیۆن و 125 هەزار مەتر دووجایە و نزیکەی 16 هەزار دۆنم زەوی بەراو دەکات. بەرزیی بەنداوەکە نزیکەی 70 مەترە و درێژییەکەی 512 مەترە؛ پانیی بەنداوەکە لە سەرەوە 10 مەترە و لە خوارەوەش 65 مەترە. بەنداوەکە توانای گلدانەوەی 115 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە".
عەبدوڵڵا گەردی گوتی، بڕیارە ئەم ساڵ ئاو لە بەنداوەکەدا گلبدرێتەوە کە بە تەواوی پشت بە ئاوی باران دەبەستێت؛ ئاماژەی بەوەشکرد، "بەنداوەکە سوودی دەبێت بۆ زیادکردنی ئاوی ژێر زەوی، ئاودێری، گەشتیاری، بەخێوکردنی ماسی و رووبەڕووبونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا".
بەنداوی گۆمەسپان بە دووریی 35 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ