ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک سێ قایمقامی دەستنیشانکرد؛ هەر سێکیان عەرەبن
رووداو دیجیتاڵ
لە کۆی چوار قایمقامی پارێزگای کەرکووک سێیان بە نەتەوەی عەرەب دران و لە ئەنجوومەنی پارێزگا متمانەیان پێدرا، قایمقامەکەی دیکەش دەدرێتە تورکمان.
پارێزگای کەرکووک لە چوار قەزا پێکهاتووە، کە بریتین لە ناوەندی کەرکووک، حەویجە، داقووق و دوبز.
لە کۆبوونەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 14-10-2024ی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، کە بێ بەشداری فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەروەریی سوننەکان و بەرەی تورکمانی بەڕێوەچوو، سێ قایمقام هەڵبژێردران، کە هەرسێکیان عەرەبن. سەعدوون حەمید بە قایمقامی حەویجە، شێخ سیراجەدین نازم بە قایمقامی داقووق و عادل ئیسحاق بە قایمقامی دوبز دەستنیشانکراون.
بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی کە بۆ پێکهێنانی ئیدارەی کەرکووک کراوە، قایمقامی قەزای ناوەندی کەرکووک بۆ تورکمانە؛ بەڵام لە کۆبوونەوەکەی ئێوارەی ئەمڕۆ دەنگی لەسەر نەدرا و دواخرا.
بەم شێوەیە لە چوار پۆستی قایمقام، هیچ پۆستێکیان لە پارێزگای کەرکووک بەر کورد ناکەوێت، کە بەگوێرەی رێککەوتن لە بەرامبەر پۆستی پارێزگاری کەرکووک دراون بە عەرەب و تورکمان.