بانگەشەی هەڵبژاردنی لایەنەکان لە دهۆک چڕدەبێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

دوایین کاژێرەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنن. 10 پارت، دوو هاوپەیمانی و 29 بەربژێری سەربەخۆ کێبڕکێ لەسەر 25 کورسیی پارێزگای دهۆک دەکەن. 
 
لە ساڵی 1992ـەوە، دەنگی زۆرینەی دانیشتووانەکەی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان رۆشتووە و پێشبینییەکان بۆ ئەم جارەش هاوشێوەن. لەگەڵ ئەوەشدا کێبڕکێ گەرمە. 
 
ئیبراهیم شەرەفانی، سەرۆکی لیستی پارتی لە بازنەی دهۆک دەڵێت: "پارتی دیموکراتی کوردستان لەم هەڵبژاردنانەدا زیاتر لە 20 کورسی لە بازنەی دهۆک دەباتەوە. هەوڵدەدەین ئەو یاسانەی پەیوەندییان بە ژیانی خەڵکەوە هەیە، گرنگیی زیاتریان پێبدەین. لە پلانیشماندایە هێڵی هەژاری دابنێین بۆ داهاتی هاووڵاتییانمان بەشێوەیەکی گشتی، جا چ فەرمانبەر بێت، کرێکار بێت، خاوەن پێداویستیی تایبەت بێت یانیش قوتابی و گەنج بێت." 
 
یەکگرتوو لە هەڵبژاردنی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان دوو کورسیی لە دهۆک بەدەستهێنابوون. ئەو پارتە ئیسلامییە لەنێو گەرمەی هەڵبژاردن دا دەڵێت، چاویان لە کورسیی زیاترە. 
 
سەعید عەلی عەبۆ، سەرۆکی لیستی یەکگرتووی ئیسلامی لە بازنەی دهۆک دەڵێت: "ئێمە پێشبینی دەکەین دەنگەکانمان زیاد بکەن. لەنێو خەڵکیدا دیارین. پەرەپێدانی پڕۆژەکانی حکومەت بۆ دهۆک 2٪. ئێمە لەگەڵ بەڵێندەران قسە دەکەین، دەڵێن، جیاوازی دەکرێت لەنێوان هەولێر و سلێمانی. ئەوان پارەی خۆیان وەرگرتووە. لێرە، پارەی بەڵێندەرانیش نادرێت. کەرتی تایبەت لاوازکراوە." 
 
یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە هەڵبژاردنی رابردوودا، دوو کورسیی بەدەستهێنابوون. ئەمڕۆ دووشەممە کەمپەینێکی گەورەی لە دهۆک کرد. ئەوان دەڵێن، ئەم جارەش کورسی لە بازنەی دهۆک دەبەنەوە. 
 
عەلی ئۆرەماری، سەرۆکی لیستی یەکێتی لە بازنەی دهۆک دەڵێت: "پێشبینی دەکەین رێژەی دەنگی یەکێتی لە بادینان دوو هێندەی رابردوو بەرزبێتەوە. یەکێک لە پلانەکانمان ئەوەیە کە یاسای وەبەرهێنان هەمواربکرێتەوە و ئەو مادەیەی تایبەتە بە دیاریکردنی رێژەی بەکارهێنانی دەستی ناوخۆیی جێبەجێ بکرێت. خاڵی دووەم خۆماڵیکردنی داهاتی پارێزگایە." 
 
رەوتی هەڵوێست و نەوەی نوێش لە دهۆک لە کێبڕکێکەدان و دەڵێن، دەتوانن کورسیی ئەو پارێزگایە مسۆگەر بکەن. هاوکات، بەرەی گەل، کە هێزێکی جیابووەوەی یەکێتییە، لیستی لە بازنەی دهۆک هەیە. لەم بانگەشەیە دا دەڵێت، پشتڕاستن لە دهۆکیش کورسی دەبەنەوە. 
 
زکری زێباری، سەرۆکی لیستی بەرەی گەل لە بازنەی دهۆک دەڵێت: "ئێمە وەکو بەرەی گەل پێشبینیی سێ کورسی دەکەین. هەوڵدەدەین رێژەی هەژاری نەهێڵین. هەوڵدەدەین خەڵکی لە کرێچیێتی رزگار بکەین. هەوڵدەدەین ببینە دەنگ و رەنگی خەڵکی. هەوڵدەدەین هەندێک یاسا لە پەرلەمانی کوردستان هەموار بکەین." 
 
پارتی کە لە هەموو هەڵبژاردنەکانی پێشوودا هێزی یەکەم بووە لە دهۆک، بۆ ئەم هەڵبژاردنە دەڵێت، زیاتر لە 20 کورسی بەدەستدەهێنن و گەورەترین کەرنەڤاڵەکەی لە دهۆک سازکرد. 
 
لە دهۆک، نزیکەی 740 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە. 218 بەربژێر بۆ 24 کورسیی گشتی و 8 بەربژێریش بۆ کۆتای کریستیانان لەکێبڕکێدان.