لە تەلعەفەر 31 رووفات لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ دەرهێندران
رووداو دیجیتاڵ
پرۆسەی دەرهێنانی رووفاتی گۆڕە بە کۆمەڵەکەی تەلعەفەر کۆتاییهات و 31 رووفات رادەستی دادپزیشکی کران، بۆ ئەوەی پرۆسەی هاوتاکردن و ناسینەوەیان بۆ بکرێت.
تیمێک لە فەرمانگەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە دەزگای شەهیدان، فەرمانگەی دادپزیشکی لە وەزارەتی تەندروستی و پسپۆرانی تەکنیکی گەڕان و پشکنین لە گۆڕە بە کۆمەڵەکان، لە 26-09-2024 دەستیان بە هەڵدانەوەی گۆڕێکی بە کۆمەڵ کرد لە گەڕەکی سەعد لە قەزای تەلعەفەر لە پارێزگای نەینەوا، کە لە لایەن چەکدارانی داعش کۆمەڵکوژ کرابوون.
پرۆسەکە بە پشتیوانی و بەشداری لیژنەی نێودەوڵەتیی کاروباری شوێنبزربووان (ICMP) کرا.
رۆژی 25ی تەمموزی 2024، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە راگەێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە کاتی لێدانی بناخەی قوتابخانەیەک لە گەڕەکی سەعەد لە تەلعەفەر، گۆڕێکی بە کۆمەڵ دۆزرایەوە، کە لەلایەن داعشەوە کۆمەڵکوژ کراون.
وەعد ئیدریس، بەڕێوەبەری راگەیاندنی نەخۆشخانەی گشتیی تەلعەفەر، ئەمڕۆ دووشەممە 14-10-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، گۆڕە بە کۆمەڵەکە 31 رووفاتی تێدابوو. ئەو لیژنە هاوبەشەی بەغدا سامپلی خوێنیان لە کەسوکاری رووفاتەکان وەرگرت.
بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی نەخۆشخانەی گشتیی تەلعەفەر، لە هەر خێزانێک سامپڵی خوێنی سێ کەس وەرگیرا، دوو کوڕ و کچێک، تاوەکو لەگەڵ سامپڵی رووفاتەکان هاوتا بکرێن.
دەزگای شەهیدانی عێراق رایگەیاند، سەرجەم رووفاتەکان بەپێی رێکارە یاسایی و تەکنکییەکان، لە شوێنەکە دەرهێنران، بە کۆنووسێک رادەستی فەرمانگەی دادپزیشکی کراون. بە ئامانجی پشکنینی تاقیگەیی و وەرگرتن سامپڵ، دواتر هاوتاکردنیان لەگەڵ سامپڵی خوێن، بۆ ئەوەی ناسنامەی قوربانییەکان دیاری بکرێن و رووفاتەکان رادەستی کەسوکارەکانیان بکرێنەوە.
سەرجەم پەڕاوەکانی لێکۆڵینەوە و دۆسیەی یاسایی تایبەت بە شوێن و دەرهێنانی رووفاتەکان، رەوانەی دادگای تایبەتمەند دەکرێت.
رۆژی 25ی تەمموزی 2024، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە کاتی لێدانی بناخەی قوتابخانەیەک لە گەڕەکی سەعد لە تەلعەفەر، گۆڕێکی بە کۆمەڵ دۆزرایەوە، کە لەلایەن داعشەوە کۆمەڵکوژکراون.