بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا بۆ رووداو: هیوادارین شەڕ نەگاتە عێراق

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
زنار شینۆ
زنار شینۆ @ZinarShino
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی ئەورووپا هۆشداری تەشەنەکردنی شەڕی ناوچەکە بۆ عێراق دەدات و دەڵێت: "هیوادارین شەڕ نەگاتە عێراق."
 
رۆژی دووشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2024، جۆزێپ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە وەڵامی زنار شینۆ، نێردراوی رووداو بۆ لۆکسمبۆرگ گوتی: "ئێمە بەردەوام هێرشەکانی حەماس و حیزبوڵڵا و هەر کەسێکی دیکەمان لە دژی ئیسرائیل سەرکۆنە کردووە بە ئێرانیشەوە."
 
کۆنفڕانسی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە لۆکسمبۆرگ بەڕێوەدەچێت و بابەتێکی هەرە سەرەکیی کۆبوونەوەکەیان پرسی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و گرژییەکانی ناوچەکەیە. 
 
جۆزێپ بۆرێڵ هۆشداری دەدات: کێ دەزانێت ئەم جەنگە بەکوێ دەگات. بەڵێ، بۆردوومان لە سووریا هەیە و مەترسییەکی زۆری تەشەنەکردنی جەنگەکە هەیە کە لەوانەیە کار لە عێراقیش بکات. بەڵام نابێ زەمینەی بۆ سازبکرێت. ئەوەی هەیە بەسمانە. با هیوای بخوازین جەنگەکە بۆ وڵاتانی دیکە تەشەنە نەکات.
 
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا دەڵێت: "روونە کە چەند هێزێکی بەوەکالەت هەن، وەکو حووسییەکانی یەمەن کە هێرشدەکەنە سەر ئیسرائیل. ئێمە هەموو جموجۆڵەکانی هێزەکانی سەر بە ئێرانەوە سەرکۆنە دەکەین. بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئێمە دەمانەوێت رێگری لە جەنگێکی سەرتاسەری لە نێوان ئیسرائیل و ئێران بکەین کە دەکرێت دەرهاوێشتەی کارەساتباری بۆ هەموو ناوچەکە هەبێت."
 
بۆرێڵ گوتیشی کە گفتوگۆیان لەبارەی هەڕەشەی داعش و جموجۆڵەکانی لە ناوچەکەش کردووە. 
 
دوای هەڵگیرسانی جەنگی غەززە لە 07-10-2023، حیزبوڵڵای لوبنان بە شێوەیەکی سنووردار چووە نێو جەنگی دژی ئیسرائیل. هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵا لە 23-09-2024 چڕبوونەوە و حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەکەیان کوشت. هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان و بەیرووت، لەوکاتەوە بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 1300 کەس لە لوبنان.
 
جەنگی غەززە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی لانیکەم 90٪ـی دانیشتووانە 2.3 ملیۆنییەکەی ئەو کەرتە، بەشێکی زۆریان زیاتر لە دوو جار و سێ جار دەربەدەر بوون.
 
جەنگەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد، چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرشیان کردە سەر ئۆردووگە جوونشینەکانی ئیسرائیل و ئەو رۆژە لانیکەم 1200 کەس لە ئیسرائیل کوژران و 251 کەسیش بە بارمتە بران.
 
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ جۆزێپ بۆرێڵ: 
 
رووداو: زیادبوونی جموجۆڵەکانی داعش لە سووریا و عێراق دەبینی؟ ئایا ئەم پرسە بەشێک بوو لە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆتان یان نا؟ زۆر سوپاس.
 
جۆزێپ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە لە یەکێتیی ئەورووپا: ئێمە هێرشەکانی حەماس، حیزبوڵڵا و هەرکەسێکمان سەرکۆنەکردووە کە لە دژی ئیسرائیل بووبێت. ئێران هەروەها. روون و ئاشکرایە کە ئێستا چەند گرووپێکی بە وەکالەت وەکو حووسییەکان لە یەمەن کە هێرشدەکەنە سەر ئیسرائیل. ئێمە سەرکۆنەی هێرشی هەموو گرووپە بەوەکالەتەکان دەکەین لە دژی ئیسرائیل. ئێمە هەروەها دەمانەوێت رێگە لە هەڵگیرسانی جەنگ لە نێوان ئێران و ئیسرائیل بگرین، کە دەکرێت دەرئەنجامی زۆر خراپی بۆ تەواوی ناوچەکە هەبێت. گرنگترین کاری ئێمە بریتییە لە هەوڵدان بۆ رێگەگرتن لە گەورەتربوونی ئەو جەنگەی، کە بە هێرشێکی تیرۆریستیی حەماس دەستیپێکرد و هێشتاش شەڕ لە غەززە بەردەوامە و خەریکە دەگاتە لوبنان و دەریای سوور؛ کەسیش نازانێت بەیانی چی روودەدات. بەڵێ لە سووریا شەڕ هەیە و ئەگەری فراوانبوونی جەنگەکە هەیە، کە لەوانەیە کار لە عێراقیش بکات. ئێستا زیاتر لەوەی پێویستە شەڕ هەیە. با هیوابخوازین ئەو جەنگە ناگاتە وڵاتانی دیکە. بەڵێ، بێگومان باسی داعش کرا، بەڵام ناتوانم باسی وردەکاری بکەم؛ چونکە هیچ شتێکی پشتڕاستکراوەم لەبەردەستدا نییە.
 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساتی هەڵدانی مووشەکەکە. وێنە: AFP

بۆ یەکەمجار سپەیس ئێکس بەگەڕخەری کەشتییەکی ئاسمانی بە سەرکەتوویی لەسەر سەکۆی خۆی نیشتاندەوە

دامەزرێنەری کۆمپانیای سپەیس ئێکس بڵاویکردەوە، بۆ یەکەمجار توانیان بەگەڕخەری کەشتییەکی ئاسمانی بە سەرکەوتوویی لەسەر سەکۆی خۆی بنیشێننەوە. ئەمە یارمەتیدەرێکی باشی کۆمپانیاکە دەبێت بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی بەگەڕخەرەکانی.