وەزیرێکی گۆڕان: دەستلەکارکێشانەوەم پێشکەش کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ 

تاوەکو کۆتاییهاتنی رێکارە کارگێڕییەکانی پەسندکردنی دەستلەکارکێشانەوەیان، سێ وەزیرەکەی بزووتنەوەی گۆڕان کە دەستیان لە کار کێشاوەتەوە، لە کارکردن بەردەوام دەبن؛ جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەکەش دەڵێت، هەر وەزیرێکیان بڕیاری کشانەوە لە پۆستی وەزاری نەدات، پەیوەندیی رێکخراوەیی بە گۆڕانەوە نامێنێت. 
 
رووداو زانیویەتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان کە لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕانن، تاوەکو رێکارە کارگێڕییەکانی دەستلەکارکێشانەوەیان تەواو دەبن لە کارکردن بەردەوام دەبن.
 
کوێستان محەممەد، لەوبارەوە بە (رووداو)ی گوت، دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکێشکردووە، بەڵام ناکرێت بەو شێوەیە پۆستەکانیان جێبهێڵن، هەندێک رێکار پێویستە بۆ پەسندکردنی، بۆیە تاوەکو کۆتایهاتنی رێکارەکان، لە پۆستی خۆیاندا وەکو وەزیر دەمێننەوە.
 
ئەوەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکێش نەکردووە و ئامادە نییە لە پۆستە وەزارییەکەی بکشێتەوە، دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنە. گۆڕان راگەیێندراوێکی لەوبارەوە بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، هەر وەزیرێکیان بڕیاری کشانەوە لە پۆستی وەزاری نەدات، پەیوەندیی رێکخراوەیی بە بزووتنەوەکەوە نامێنێت. 
 
هاوکات تێیدا سوپاسی هەڵوێست و پابەندیی مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وەزیرەکانی دیکە و هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە بڕیارەکە دەکات.
 
بزووتنەوەی گۆڕان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان چوار وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، کار و کاروباری کۆمەڵایتی، بازرگانی و پیشەسازی و وەزارەتی دارایی بەدەستەوە بوو و هەروەها جێگرێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش لە پشکی گۆڕان بوو.
 
کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتى هەرێمى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "دەستم لە کارکێشاوەتەوە، پابەندى بڕیارەکەى بزووتنەوەى گۆڕانم، بەڵام تاوەکو رێکارە کارگێرییەکان تەواو دەبن، دەوام دەکەم."
 
دەستلەکارکێشانەوەی وەزیرەکان دوای ئەوە هات کە دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کشانەوەی حیزبەکەی لە هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى خۆجێیی لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە راگەیاند.
 
جگە لەو سێ وەزیرەی دەستیان لەکارکێشاوەتەوە، زۆربەی بەڕێوەبەری فەرمانگەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، ئەوانەی لە پشکی گۆڕانن، بڕیاریانداوە لە حکومەتی خۆجێی پارێزگاکان بکشێنەوە.
 
دوای ئەوەی عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتیی پێشووی بزووتنەوەی گۆران بریکارنامەی گشتی بە زیاتر لە 100 دەسەڵاتەوە بۆ دانا ئەحمەد مەجید کرد و سەرجەم دەسەڵاتەکانی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی بزووتنەوەکە پێ سپارد، کێشەکانی نێو بزووتنەوەکە زەقبوونەوە.
 
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لەبارەی نەکشانەوەی لە پۆستە وەزارییەکەی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، دیاریکردنی دانا ئەحمەد مەجید وەک رێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە، وەکالەتێکی نایاسایی و نادەستوورییە، بۆیە تەنیا پابەندی بڕیارەکانی جڤاتی نیشتمانی دەبێت.