کۆمیسیۆن بۆ رووداو: هێزى ئەمنیی فیدراڵ بنکەکانى دەنگدانى تایبەتى دەرەوەى هەرێمى کودستان دەپارێزێت

 رووداو دیجیتاڵ 
 
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق راگەیاند، هێزە ئەمنییەکانى سەر بە حکومەتى فیدراڵى، ئەو بنکانەى دەنگدانى تایبەت دەپارێزن، کە دەکەونە پارێزگاکانى عێراق و بنکەکانى ناو هەرێمی کوردستان لە لایەن وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە دەپارێزرێت.
 
 18ى تشرینى یەکەم دەنگدانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ئەنجام دەدرێت، تەنیا کارمەندانى هێزە ئەمنییەکان بەشدارى لەو دەنگدانە دەکەن.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بەگوێرەى ئەو پلانەى دانراوە، هێزە ئەمنییەکانى سەر بە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق، بنکەکانى دەنگدانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەپارێزن، کە پارێزگاکانى ژێر دەسەڵاتى حکومەتى فیدڕاڵین.
 
دەنگدانى تایبەتى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 165 ناوەند دەکرێت، 97 بنکەیان لەناو هەرێمى کوردستانە و 68 بنکەکەى دیکە لە بەغدا، دیالە، کەرکووک، واست، ئەنبار، نەینەوا، سەلاحەدینن.
 
عیماد جەمیل رایگەیاند، بنکەکانى دەنگدانى تایبەت لە هەرێمى کوردستان لە لایەن هێزەکانى سەر بە وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەپارێزرێن.
 
215 هەزار و 960 کەس دەتوانن بەشدار بن لە دەنگدانى تایبەت، کە کارتى بایۆمەترییان هەیە.
 
20ى تشرینى یەکەم دەنگدانى گشتى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانە، بڕیارە ئەنجامى بەرایی هەردوو دەنگدانى گشتى و تایبەت پێکەوە لە 21ى تشرینى یەکەم رابگەیێندرێت.