نێچیرڤان بارزانی بۆ خەڵکی سلێمانی: بۆ یەک جاریش بێت، پارتی تاقی بکەنەوە

رووداو دیجیتاڵ 

نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەنێو ئاپۆڕای جەماوەرانی پارتی لە سلێمانی باسی لە پەیوەندی پارتی لەگەڵ سلێمانی کردو گوتی، هیچ لایەنێک ناتوانێت درز بخاتە پەیوەندی نێوان پارتی و سلێمانی. 
 
رۆژی دووشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2024، نێچیرڤان بارزانی لە بارەگای ئەنجوومەنی رێکخستنی پارتی لە سلێمانی بۆ پاڵپشتیکردن لە لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادە بوو. 
 
نێچیرڤان بارزانی گوتی، خەڵکی سلێمانی بەهۆی پارتیبوونیانەوە باجی زۆریان داوە و ناچاربوون بەرگەی زۆر گوشاری دەروونی بگرن و گوتی، "ئێوە [خەڵکی سلێمانی]ـی ئازیز، ئێوەی خۆشەویست، نموونەی بەردەوامی ئەو پەیوەندییە رۆحییەن لەگەڵ پارتی و لەگەڵ بارزانی".
 
نێچیرڤان بارزانی باسی لە بەرنامەی کاری پارتی بۆ سلێمانی کرد و ئاماژەی بەوە کرد: "پارتی کار دەکات بۆ ئەوەی چیدیکە خەڵکی سلێمانی و ئەو ناوچەیە نەبنە قوربانیی ململانێ و ناکۆکیی سیاسی".
 
گوتیشی: "سلێمانی و ئەم دەڤەرە بە گشتی، بە رۆڵی گەورەی لە مێژووی سیاسی و فەرهەنگی و رووناکبیریی ئەم گەلەدا شایستەی باشترین ژیان، ئاوەدانی، خزمەتگوزاری، ئاسایش، ئارامی و خۆشگوزەرانییە".
 
جێگری سەرۆکی پارتی ئاماژەی بە نەوەی تازەی سلێمانی کرد و گوتی: "نەوەی تازەی سلێمانی چاوی لە پێشکەوتن و ئاوەدانییە، نەوەک ئاڵۆزی و هاتوهاواری بێهودە کە هیچ جێگەیەک ناگرێت".
 
گوتیشی: "پارتی پەرۆشی ئەوەیە کە بتوانێت گەورەترین خزمەت پێشکێش بە سلێمانی بکات".
 
هەروەها نێچیرڤان بارزانی داوای لە دانیشتووانی پارێزگای سلێمانی کرد "ئەمجارە بۆ یەک جاریش بێت، پارتی تاقیبکەنەوە؛ بۆ یەکجاریش بێت ئەم دەرفەتە بدەن بە پارتی و دەستی پارتی لەم دەڤەرە بەهێز بکەن".
 
نێچیرڤان بارزانی باسی لە توانای بەربژێرەکانی پارتی لە بازنەی پارێزگای سلێمانی کرد و گوتی: "ئەمانە [بەربژێرەکانی پارتی] دەتوانن سەربەرزانە سلێمانی لە قۆناخی ئێستا بگوازنەوە بۆ قۆناخێکی باشتر". 
 
جێگری سەرۆکی پارتی گوتی: "بەڵێنی ئەمجارە جیاوازە" و بەڵێنی ئەوەیدا کە پارتی لە چوار ساڵی داهاتوو دەیسەلمێنێت، کە دەنگدان بە پارتی جیاواز دەبێت و لە هەموو بوارەکانی خزمەتدا رەنگدانەوەی دەبینن. 
 
دروشمی پارتی بۆ بانگەشەی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان، ئارامی و ئاوەدانی، پێکەوەیی و خۆڕاگرییەوە و نێچیرڤان بارزانی لەوبارەیەوە گوتی: "پارتی لەگەڵ دروشم و گوتاری خۆیدا راستگۆیە و وەکو هەمیشەش بەرپرسیارانە لەگەڵیدا رەفتار دەکەین".
 
هەروەها نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، کوردستان وڵاتی هەمووانە و پێویستی بە پێکەوەیی هەمووانە، هەربۆیە پارتی دەستی ئاشتی و هاوکاری بۆ هەموو لایەک درێژ دەکات. 
 
جێگری سەرۆکی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، "پارتی حیزبێک نییە کە دوو هەفتە پێش هەڵبژاردن خۆی لە هەموو بەرپرسیارێتییەک بێبەری بکات، ئینجا پێی وابێت کە خەڵک بڕوای پێدەکەن".
 
گوتیشی: "پارتی دەیەوێت حکومڕانییەتی دروست لە کوردستان بێتە دی، کە بتوانێت خزمەتی باشتر بکات، کوردستان و مافەکان بپارێزێت و داهاتوویەکی گەشتر بۆ وڵاتەکان مسۆگەر بکات". 
 
لەکۆتایی گوتارەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی سڵاوی سەرۆک بارزانی بۆ هەموو خەڵکی سلێمانی نارد و گوتی، سەرۆکی بارزانی خۆی زۆر حەزی دەکرد بەشداری لە مەڕاسیمەکەدا بکات.