رێگەوبانی گەرمیان: 90٪ی کارەکانی رێگەی کەلار- دەربەندیخان تەواوکراوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری رێگەوبانی گەرمیان رایدەگەینێت، 90٪ی کارەکانی رێگەی کەلار- دەربەندیخان تەواو بووە و تاکۆتایی ئەم ساڵ رێگەکە تەواو دەبێت. دەشڵێت، ئەمساڵ 13 پرۆژەی رێگەوبانیان بەبەهای نزیکەی 12 ملیار دینار جێبەجێکردووە.
 
ئەندازیار عەدنان خەلیل، بەڕێوەبەری رێگەوبانی گەرمیان لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژار لە رادیۆی رووداو کە رۆژانە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات رایگەیاند، کارکردن لە هەردوو بەشی 4 و 5ی رێگەکە بەردەوامە و لە هەموو بڕگەکانی کار دەکرێت و تائێستا نزیکەی 90٪ی کارەکانی تەواوکراوە.
 
بەڕێوەبەری رێگەوبانی گەرمیان دەڵێت: "لەدوای سەردانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و راسپاردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ تەرخانکردنی بوودجە بۆ پرۆژەکە بە گوڕوتینەوە کاری تێدا دەکرێت و ئەو دوو بەشە (Lot 4 & 5)ی رێگەکە کە درێژییەکەی 40 کیلۆمەترە لەنێوان کەلار بۆ دەربەندیخان لە هەردوو ئاراستەکە کە دەکاتە 80 کیلۆمەتر 70 کیلۆمەتری تەواوکراوە و تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ تەواو دەبێت."
 
رێگەی دێلێژە - سەنگاو، راستەوخۆ قەزای کفری دەبەستێتەوە بە پارێزگای سلێمانییەوە، لە ناحیەی سەنگاو بۆ دێلێژە نزیکەی پێنج کیلۆمەتری قیرتاو نەکرابوو. عەدنان خەلیل گوتی: "کارەکانی رێگەی دێلێژە-سەنگاو پێش وادەی خۆی تەواوکراوە و ئێستا هەندێک دیواری راگر ماون و کاری تێدا دەکرێت."
 
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ساڵ 28 پرۆژەیان هەبووە کە 13 پرۆژەیان بە گوژمەی نزیکەی 12 ملیار دینار تەواوکراون و هەروەها 15 پرۆژەشیان ماون کە بوودجەکەیان نزیکەی 193 ملیار دینارە.
 
رێگەی دوانزە ئیمام-قەرەبڵاخ بە درێژایی نزیکەی 20 کیلۆمەتر لەنێوان قەزای کفری و ناحیەی کوڵەجۆ جێبەجێ دەکرێت کە راستەوخۆ کفری دەگەینێتە ناحیەی کوڵەجۆ.
 
بەڕێوەبەری رێگەوبانی گەرمیان گوتی: "ئەمڕۆ دووشەممە، 14-10-2024، دەستکراوە بە قیرکردنی رێگەی رێگەی کفری-قەرەبڵاخ و ئەگەر گرفتی دارایی بۆ دروست نەبێت تا کۆتایی ساڵ تەواو دەکرێت کە چەندین گوندی سنوورەکە سوودمەند دەبن لەو ریگەیە."
 
رێگەی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان یەکێکە لەو رێگانەی کە بارگرانییەکی زۆری لەسەرە.
عەدنان خەلیل دەڵێت: "بۆئەوەی رێگەی پەروێزخان-کەلار بکرێتە جووتساید پێویستی بە 60 ملیار دینارە و ساڵانە داوای تەرخانکردنی بودجەی بۆ دەکەن بەڵام تائێستا بەهۆی قەیرانەوە رەزامەندی لەسەر نەدراوە. بەڵام کاری چاککردنەوە بۆ رێگەکە کراوە."
 
لەبارەی رێگەی گوندەکانەوە، بەڕێوەبەری رێگەوبانی گەرمیان دەڵیت، ئەم ساڵ رێگەی چەند گوندێکی سنووری گەرمیان کاری چاککردنی بۆکراوە و قیرتاوکراون لەوانە گوندەکانی؛ بێستانە، بەکربایف، شێخ تەویل رێگەکانیان چاککراون، هەروەها رێگەی گوندەکانی، ژاڵە، بێڕەش، سەید خەلیل، گۆبان و گوندەکانی ناحیەی نەوجول کارکردن تێیدا دەستی پێکردووە.
 
کۆتایی مانگی نیسانی 2024، بەهۆی بارانبارین و دروستبوونی لافاو، پردی ناحیەی سەرقەڵا و ئاوبارەی گوندی عەوڵڵا قوت، زیانیان پێگەیشت. عەدنان خەلیل دەڵیت، ئاوبارەی گوندی عەوڵڵا قوت، رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانی بۆ گەڕاوەتەوە و وەزارەتی دارایی داوایکردووە بە شێوەی ئۆنلاین بەرزبکرێتەوە. بەڵام بۆ پردی سەرقەڵا تا ئێستا رەزامەندی بۆ پرۆپۆزەکەڵەکەی ئێمە نەگەڕاوەتەوە کە پێشکێشمان کردووە.