کۆمیسیۆن: سبەی رێکارە ئەمنییەکانی هەڵبژاردن دەستپێدەکەین

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی هاوئاهەنگیی ئەمنیی لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەڵێت هێزەکانی پۆلیس، ئاسایش و زێرەڤانی پاراستنی پڕۆسەی دەنگدانیان لە ئەستۆ دەبێت و لە سبەیەوە دەستبەکار دەبن.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2024، موزەفەر عەبدولڕەحمان، بەرپرسی هاوئاهەنگیی ئەمنیی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەوپێیەی لە 15ـی ئەم مانگەوە پشووی قوتابخانەکان دەستپێدەکات و قوتابخانە دیاریکراوەکان بە فەرمیی رادەستی کۆمیسیۆن دەکرێن، ئێمەش لە هەمان رۆژدا رێکارە ئەمنییەکانمان لەو ناوەند و وێستگانە دەگرینەبەر و پشکنینی تەواو بۆ قوتابخانەکان دەکەین."
 
گوتیشی: "هەریەکە لە هێزەکانی، پۆلیس، ئاسایش و زێرەڤانی بە سێ بازنەی ئەمنیی وەکو هێزی پارێزەری پڕۆسەی هەڵبژاردن بەشدار دەبن، کە بەشێکیان ناوەند و وێستگەکان دەپارێزن، بەشێکی دیکەش پڕۆسەی گواستنەوەی کەرەستەکانی کۆمیسیۆن دەپارێزن و بەشێکی دیکەش لە هێزە ئەمنییەکان تەرخانکراون بۆ پاراستنی سەر و ماڵی هاونیشتمانیان".
 
سەبارەت بە شێوازی دەنگدانی ئەو کارمەندە ئەمنییانەی کە ئەرکی پاراستنی ناوەند و وێستگەکانی دەنگدانیان لە ئەستۆیە، بەرپرسی هاوئاهەنگیی ئەمنیی لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان گوتی: "سێ پۆلن، بەشێکیان ئەوانەن کە لە هەمان ئەو وێستگەیەی کە دەیپارێزن ناویان هەیە و دەتوانن دەنگی خۆیان لەوێ بە نۆرە بدەن، بەشێکی دیکەش ئەوانەن کە خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن و مافی دەنگدانیان نییە، ئەو بەشەش کە دەمێنێتەوە و ناویان لە وێستگەی دیکە هەیە، کارمەندی دیکە لەشوێنیان دادەنرێت تاوەکو دەنگی خۆیان دەدەن و دێنەوە، ئەمەش لە هەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتی بە هەمان شێوە دەبێت."
 
سبەی دوایین رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنە و رێکارەکانی کۆمیسیۆن لە قۆناخی کۆتاییدان. رۆژی 18ـی ئەم مانگە دەنگدانی تایبەت و 20ـی مانگیش دەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێت.