کۆمیسیۆن بۆ رووداو: تەنیا 3٪ی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن ماون

 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند تەنیا 3٪ی ئامادەکارییەکان ماوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. بۆ تەواوکردنی ئەوەش کۆمیسیۆن چاوەڕێی حیزب و لایەنە بەشداربووەکانی هەڵبژاردنەکەیە تاوەکو تەواوی ناوی چاودێرانی خۆیان تۆمار بکەن.
 
رۆژی دووشەممە، 14ی تشرینی یەکەمی 2024، ئەیسەر یاسین، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "ئێستا 97٪ی ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردن تەواو بوون و تەنیا 3٪ی ماوە، ئەویش پەیوەستە بە تۆمارکردنی ژمارەی کۆتایی چاودێرانی حیزبەکان و هەروەها چاودێرانی نێودەوڵەتی کە دوا وادە بۆ ناو تۆمارکردن 16ی ئەم مانگەیە". 
 
ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن رایگەیاند: "هێشتا هەڵمەتی هەڵبژاردن تەواو نەبووە و ئەویش بەشێکە لە پرۆسەی ئامادەکاری، هەروەها لە دوای تەواوبوونی ماوەی بانگەشەش، کۆمیسیۆن ئامارە گشتییەکانی پێشێلکاری و سزاکان تۆمار دەکات و ئەویش بەشێکە لە ئامادەکارییەکان." 
 
بەگوێرەی بڕیاری کۆمیسیۆن، 21  رۆژ هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو کە لە 25ی ئەیلوولەوە دەستیپێکرد، تاوەکو 15ی تشرینی یەکەم. رۆژی یەکشەممە، کۆمیسیۆن بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئەو رۆژە، 39 پێشێلکاری لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی تۆمارکراون و لەو ژمارەیەش، 19یان سزادراون و 20یش هێشتا لە لێکۆڵینەوەدان. 
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆن دەڵێت: "کە پرۆسەی لێکردنەوە و لابردنی پۆستەر و فلێکسی هەڵمەتی هەڵبژاردن و بەربژێرەکان هێشتا بڕیاری لێنەدراوە، بەڵام بە ئەگەرێکی زۆر دەکەوێتە دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لە 20ی ئەم مانگە.دواتر شارەوانییەکان، ماوەیەک دیاری دەکەن ئەگەر بەربژێر و حیزبەکان پۆستەرەکان لێنەکەنەوە، ئەوا شارەوانی لایان دەبات و سزایەکی داراییش بەسەریاندا دەسەپێنێت."