ئەو کەسانەی خوێندەوارییان نییە چۆن دەنگ دەدەن؟

رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کارئاسانی بۆ دەنگدانی ئەو کەسانە کردووە کە خوێندەوارییاننییە. بەگوێرەی رێکارەکان، ئەو کەسانە دەتوانن بە هاوکاریی کەسوکاریان کە بە کەسی پلەی یەک تاوەکو چوار دیاریکراون، دەنگ بدەن.
 
رۆژی دووشەممە، 14ی تشرینی یەکەمی 2024، ئەیسەر یاسین، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، بۆ ئەو کەسانەی خوێندەوارییان نییە، کۆمیسیۆن چەند ئاسانکارییەکی کردووە، لەوانە دیاریکردنی کەسێکی نزیکی دەنگدەرەکە تاوەکو هاوکاریی بکات.
 
ئەیسەر یاسین دەڵێت: "کۆمیسیۆن، رێگەی بە کەسانی نزیکی ئەو کەسانە داوە کە خوێندەواریان نییە، تاوەکو لەکاتی دەنگداندا هاوکارییان بکەن، بەڵام دەبێ کەسانی پلەی یەک تاوەکو چواربن (خوشک، برا، دایک و باوک) و ئەوانەشی کە نابێ هاوکارییان بکەن بریتین لە: ئامۆزا، خاڵۆزا و پوورزا.  
 
هەروەها گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "ئەگەریش کەسی نەخوێندەوار بە تەنیا بوو، تەنیا بەڕێوەبەری بنکە بۆی هەیە هاوکاری بکات، بەڵام نابێت بەهیچ شێوەیەک باسی هیچ حیزب و لیستێک بکات و ناویان بهێنێت. ئەگەر پێویستی بە هاوکاری زیاتر بوو، دەتوانێت لێی بپرسێت دەتەوێت دەنگ بەچ لیستێک بدەیت و ئەویش هاوکاری بکات و ئەو لیستەی پێشان بدات." 
 
هەروەها ئەیسەر یاسین ئەوەشی راگەیاند، بەڕێوەبەری بنکە دەبێت هەموو نهێنێیەکی ئەو دەنگدەرە بپارێزێت و بەهیچ شێوەیەک ئاشکرای نەکات. 
 
بەگوێرەی بڕیاری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بڕیارە 20ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و بەگوێرەی کۆمیسیۆن، ژمارەی گشتی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان لە هەرێمی کوردستان هەیە، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 878 دەنگدەرە.