لە دەنگدانی تایبەت، زیاتر لە 215 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە

14-10-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە دەنگدانی تایبەت دا زیاتر لە 215 هەزار کەس مافی دەنگدانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دا هەیە کە دەکاتە 7.4٪ی کۆی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان. زۆرترین دەنگدەری تایبەت لە بازنەی هەولێرە و کەمترینیشی لە بازنەی هەڵەبجەیە. 
 
18ی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی تایبەت لە باشووری کوردستان و چەند پارێزگایەکی عێراق، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت. بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەی گشتی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 878 دەنگدەرن، لەو ژمارەیەش، 215 هەزار و 960یان دەنگدەری تایبەتن کە دەکاتە 7.4٪ و  دوو ملیۆن و 683 و 618ـیشیان دەنگدەری گشتین.  
 
بەگوێرەی چوار بازنەکەی هەڵبژاردنی پەرلەمان، زۆرترین رێژەی دەنگدەری تایبەت، لە پارێزگای هەولێرە، لە کۆی ملیۆنێک 22 هەزار و 906 کەس کە مافی دەنگدانیان لەو بازنەیە هەیە، 89 هەزار و 791 دەنگدەری تایبەتن کە دەکاتە لەسەدا 8.9ی کۆی گشتی دەنگدەران سنووری پارێزگای هەولێر.  
 
لە بازنەی هەڵبژاردنی سلێمانی، لە کۆی ملیۆنێک و 87 هەزار و 73 دەنگدەر، 78 هەزار و 661 دەنگدەری تایبەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی هەیە کە دەکاتە 7.2٪ی کۆی گشتی دەنگدەرانی پارێزگای سلێمانی دەکات. 
 
هەرچی بازنەی هەڵبژاردنی دهۆکە، لە کۆی 729 هەزار و 347 دەنگدەر، 46 هەزار و 556 دەنگدەری تایبەتی تێدایە کە دەکاتە 6.3٪.  
 
لە بازنەی هەڵبژاردنی هەڵەبجە، لە کۆی 60 هەزار 252 دەنگدەر، 952 کەس مافی دەنگدانی لە هەڵبژاردنی تایبەت هەیە، کە دەکاتە 1.5٪ .
 
سەبارەت بنکەی دەنگدەرانی تایبەت، لە هەر چوار بازنەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دا، 165 بنکەی دەنگدانی تایبەت هەن. لە پارێزگای هەولێر 62 بنکە. لە پارێزگای سلێمانی 57 بنکە. لە پارێزگای دهۆک 33 بنکە. پارێزگای هەڵەبجەیە یەک بنکە.
 
هەروەها هەندێک لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان، ئەرکەکانیان لە دەرەوەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانە و بۆ کارئاسانی ئەو هێزە ئەمنیانە، کۆمیسیۆن 12 بنکەی دیکەی لە شارەکانی عێراق کردووەتەوە کە چواریان لە پارێزگای نەینەوایە، سیانیان لە پارێزگای بەغدایە. هەریەک لە پارێزگاکانی کەرکووک، ئەنبار، سەڵاحەدین، دیالە و واست، بنکەیەکیان تێدا دانراوە.
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە