لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان چۆن دەنگ دەدرێت؟

رووداو دیجیتاڵ
 
یەکەم جارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە سیستمی ئەلیکترۆنی بکرێت. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق چەند رێکار و رێنماییەکی بۆ دەنگدەر دیاریکردووە. سەرەکیترینیان؛ وەرگرتنەوەی کارتی بایۆمەترییە.
 
بەپێی رێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەنگدەر دەبێ کارتی بایۆمەتری هەبێت، هەروەها لەکاتی چوونی بۆ بنکە و وێستگەکانی دەنگدان، بەڵگەنامەیەکی فەرمی پێبێت کە وێنەی لەسەر بێت (تەسکەرە، ناسنامەی باری شارستانی یان کارتی نیشتمانی).
 
هەموو دەنگدەرێک لە بنکە و وێستگەیەکی دیاریکراو ناوی هەیە. کۆمیسیۆن دەڵێت: "پێش ئەوەی دەنگدەر بچێتە نێو بنکە و وێستگەکانەوە، با ناوی خۆی لەو لیستانەدا بدۆزێتەوە کە بە دیواری دەرەوەی بنکەکەدا هەڵواسراون".
 
پێش ئەوەی دەنگدەر بچێتە نێو وێستگەکانەوە، کارمەندێکی پشکنەر پەنجەکانی دەپشکنێت بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی دەنگی نەداوە، هەروەها دەبێ کارتی بایۆمەتری بداتە بەرپرسی ناساندن لە وێستگەکە.
 
هەر بەپێی رێکارەکانی کۆمیسیۆن، دەبێ کارتی دەنگدان بخرێتە نێو ئامێری دڵنیایی و چاوەڕێ بکرێت تاوەکو دەیخوێنێتەوە، هەروەها دەبێ پەنجەیەکی بخاتە سەر ئامێرەکە بۆ ئەوەی مۆرەکەی تۆمار بکات و پسوولەی دەنگدان وەربگرێت.
 
بۆ دەنگدان، کۆمیسیۆن سێ ئامێر بەکاردەهێنێت کە بریتین لە ئامێرەکانی دڵنیابوونەوە لە زانیاری دەنگدەر ناسراو بە ئامێری (VVD). لەگەڵ ئامێری ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگدانی ئەلیکترۆنی ناسراو بە (PECOS). هەروەها ئامێری ناوەندی گوێزەرەوەی ئەنجامی دەنگدانی ئەلیکترۆنی لە رێگەی مانگی دەستکرد ناسراو بە(RTS).
 
دوای وەرگرتنی پسوولە، کارمەندی کۆمیسیۆن لەرێی بارکۆدەوە، پسوولەکە تۆمار دەکات، دواتر دەنگدەر لە بەرامبەر ناوی خۆیدا لە تۆماری دەنگدەران واژۆ و پەنجەمۆر بکات.
 
مەرجی کۆمیسیۆن بۆ قبووڵکردنی دەنگ ئەوەیە، دەنگدەر تەنیا پێنووسی کۆمیسیۆن بەکاربهێنێت. دەبێ دوای دەنگدان پەنجەی شەهادە بخاتە نێو مەرەکەب و دواتر پسوولەکە بخاتە ناو سندووقەکەوە.
 
لەبارەی پەیڕەوکردنی سیستمی ئەلیکترۆنی بۆ هەڵبژاردنەکان، حاکم عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق رایگەیاند، "ئەم هەڵبژاردنە زۆر روون، پاک و بێگەرد دەبێت".
 
سەرۆکی کۆمسیۆن دەڵێت: "رێکارەکانمان زۆر تۆکمەن و هیچ دەرفەتێک بۆ ساختەکاری نییە لەم هەڵبژاردنەدا، کارتی بایۆمەتری بەهیچ جۆرێک ساختە ناکرێت و ئامێرەکان بە وردی کاردەکەن، هەڵبژاردنەکانی 2021 و 2023 ئاشکرایکرد کە کۆمیسیۆن چەندە کارەکانی سەرکەوتووە".
 
20ی‌ ئه‌م مانگه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ خولی‌ شه‌شه‌می‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌ڕێوه‌دەچێت، کە 14 حیزب و هاوپەیمانیی تێیدا بەشدارن.