کۆمیسیۆن: نابێ دەنگدەری تایبەت بە چەکەوە بچێتە بنکەکانی دەنگدان

 
رووداو دیجیتاڵ 

بە بڕیارى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق، بردنى چەک بۆ ناو ناوەندەکانى دەنگدان لەلایەن دەنگدەرى تایبەتەوە قەدەخەیە کە سەرجەمیان کارمەندى هێزە ئەمنییەکانن. 
 
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: لەکاتى دەنگدانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، بردنە ژوورەوەى چەک بۆ ناو ناوەندەکانى دەنگدان قەدەخەیە و دەبێت ئەو دەنگدەرە تایبەتانە چەکەکانیان لە دەرەوەى ناوەندەکە دابنێن.
 
دەنگدەرى تایبەت، ئەو هاونیشتمانیانەى هەرێمى کوردستانن کە پێشمەرگە و کارمەندى هێزە ئەمنییەکانن، پێش دوو رۆژ لە دەنگدانى گشتى بۆ خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لە 18ى تشرینى یەکەم دەنگ دەدەن.
 
عیماد جەمیل گوتى: "ئەنجامى ئەو دەنگدانى تایبەتە لەگەڵ  ئەنجامى دەنگدانى گشتى لە 21ى تشرینى یەکەم لەلایەن کۆمیسیۆنەوە رادەگەیێندرێت، بەڵام دەشێت بریکارى لیست و بەربژێرەکان ئەنجامى بەرایی وێستگەکان بڵاوبکەنەوە".
 
دەنگدانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لە 165 ناوەند دەکرێت، جگە لە چوار پارێزگاکەى هەرێمى کوردستان، لە کەرکووک، بەغدا، سەلاحەدین، نەینەوا، دیالە، واست و ئەنبار بنکە دەکرێنەوە.
 
215 هەزار و 960 کەس دەتوانن لە دەنگدانی تایبەت دا دەنگبدەن بە مەرجێک کارتی بایۆمەترییان هەبێت.