کۆمیسیۆن بۆ رووداو: 15ـی مانگ دوا وادەی دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری دەبێت


دێسکی هەڵبژاردن

بەهۆی سەرقاڵبوونی کارمەندانی کۆمیسیۆن بە ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردن، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاریداوە وادەی دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری کەمبکاتەوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2024، ئەیسەر یاسین، گوتەبێژی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای ئەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کۆبوونەوەیەکی لەبارەی دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری کرد، بڕیاردرا وادەی دابەشکردن کەم بکرێتەوە و رۆژی سێشەممە، 15ـی ئەم مانگە دوا وادەی دابەشکردنی کارتەکان دەبێت."
 
گوتیشی، "بەوپێیەی کارمەندانی کۆمیسیۆن لەدوای 15ـی مانگەوە سەرقاڵی ئامادەکردنی ناوەندەکان و کارە لۆجیستییەکان دەبن، بۆیە بڕیاردرا وادەی دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری کەمبکرێتەوە."
 
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی 5ـی تشرینی یەکەم عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوى راگەیاند، "دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری بەردەوامە و کاتەکەشی تاوەکو کاژێر 06:00ی ئێوارەی رۆژی 20ی ئەم مانگە درێژکراوەتەوە؛ کە هاوکاتە لەگەڵ کۆتاییهاتنی ماوەی دەنگدان."
 
بەگوێرەی دوایین ئاماری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە هەر چوار پارێزگاکە 120 هەزار و 717 کەس کارتی بایۆمەترییان وەرنەگرتووەتەوە، بەجۆرێک کە لە پارێزگای هەولێر، 29 هەزار و 935 کارت؛ پارێزگای دهۆک، 13 هەزار و 544 کارت، لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەش، 77 هەزار و 238 کارت ماون، کە وەرنەگیراونەتەوە.