رووداو دیجیتاڵ
حیزب و لایەنە سیاسییەکان، بە شێوەی جیاواز باس لە کێشەی ئاو و ئاودێری لە هەرێمی کوردستان دەکەن، بەشێکیان بە کورتی لە کارنامەکانیاندا باسی کێشەکەیان کردووە، بەشێکی دیکەیان بە بایەخەوە لە چەند خاڵێک پرسەکەیان خستووەتەڕوو، هەندێک لایەنیش لە کارنامەکانیاندا باسی روانگەیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاو نەکردووە.
پارتی دیموکراتی کوردستان
لە تەوەری سێیەمی کارنامەی پارتی کە بۆ بابەتی (کشتوکاڵ و پیشەسازی و بازرگانی و گەشتوگوزار) تەرخانکراوە، لە خاڵی پێنجەم باس لەوە کراوە "گرنگیدان بە بەنداوەکانی کوردستان، تاوەکو ببنە سەرچاوەیەکی گونجاو بۆ ژیان و خزمەتی هاووڵاتییان."
هەروەها لە خاڵی حەوتەمی هەمان تەوەردا هاتووە، "بەردەوامیدان بە پاراستن و کۆکردنەوە و رێگرتن لە بەهەدەردانی ئاو و سەرچاوەکانی ئاودێری، زیادکردنی بەنداوەکان، کە رۆڵێکی دیار دەبینن لە ژیاندنەوەی زیاتری کەرتی کشتوکاڵ و ئاودێری، گەشتوگوزار، جوانکردن و پاکڕاگرتنی ژینگە."
یەکێتی نیشتمانی کوردستان
لە کارنامەی یەکێتیشدا لە تەوەری نۆیەم باس لە سێکتەری کشتوکاڵ و ئاودێری و ئاژەڵداری کراوە، لە خاڵی هەشتەمی ئەم تەوەرەدا هاتووە، "گرنگیدانی زیاتر بە بەنداوەکان بەتایبەتی (دەربەندیخان، دووکان، دهۆک) و بەنداوەکانی دیکە و دروستکردنی بەنداوی زیاتر لە ناوچە جیاوازەکان، بە مەبەستی بەکارهێنانیان لە بواری گلدانەوی ئاو و ئاودێری و بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا."
لە خاڵی دواتردا یەکێتی جەختیکردووەتەوە لە "چارەسەرکردنی کێشەی ئاودێری لەو ناوچانەی کە کێشەی ئاودێریان هەیە."
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە پێنجەم تەوەریدا باسی لە بواری ئابووری و خۆشگوزەرانی کردووە، لە خاڵی دەیەمی ئەم تەوەرەی کارنامەی کۆمەڵدا هاتووە "گرنگیدان بە سامانی ئاوی و پاراستنی ئاوی ژێر زەوی و گلدانەوەی ئاو لە رێگەی دروستكردنی بەنداوی زیاتر، هەروەها چارەسەركردنی كێشەكانی كەمئاویی و دابینكردنی ئاوی پاك بۆ هاووڵاتیان، بەپێی ستاندارە نێودەوڵەتییەكان."
رەوتی هەڵوێست
رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی، هەریەک لە "نەبوونی پرۆسەی پاکتاوکردنی ئاوی ئاوەڕۆ" و "بەفیڕيۆدانی ئاو" و "لاوازیی بەڕێوەبردنی ئاو" بە کێشە سەرەکییەکانی ژینگەیی دەزانێت لە هەرێمی کوردستان، بۆیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە لە کارنامەکەیدا کۆمەڵێک خاڵی چارەسەری خستووەتەڕوو، لەنێویاندا "پلان هەبێت بۆ زیادکردنی رووبەری سەوزایی بە پشتبەستن بەو دار و رووەکانەی کە کەمترین ئاویان پێویستە، هەروەها سوود وەربگیرێت لە ئاوی ئاوەڕۆی پاکتاوکراو ( ئەگەر پاکتاوکرا) بۆ رێگرتن لە بەبیابانبوون."
هەروەها لە خاڵێکی دیکەدا رەوتی هەڵوێست دەڵێت "حکومەت پلانی هەبێت بۆ رێگەگرتن لە بەفیڕۆدانی ئاو، هەروەها لە رووی یاسایی و بەڕێوەبردنەوە کاربکرێت بۆ بەڕێوەبردنێکی سەرکەوتوو لە بواری سوودوەرگرتن لە سەرچاوە ناوەکی و دەرەکیەکان و هاووڵاتییان رزگاربکەین لە کێشەی کەمئاوی و تانکی سەربان. هەروەها راگرتنی بیرهەڵکەندن، بەشێوەیەک ئەگەر زۆر پێویست نەبوو، رێگە نەدرێت هەڵبکەندرێت."
هەروەها لە خاڵێکی دیکە لەپێناو چارەسەرکردنی کێشە ژینگەییەکان، رەوتی هەڵوێست ئاماژەی بەوە کردووە "دوورکەوتنەوە لە هاوردەکردن و بەکارهێنانی پەینە کیمیاییەکان، کە زیان بە گڵ و ئاو و هەوا دەگەیەنێت."
لە بواری کشتوکاڵیشدا رەوتی هەڵوێست لە چەند شوێنێک باس لە ئاو دەکات، لە خاڵێکیاندا هاتووە "کاربکرێت بۆ کۆکردنەوەی ئاو و عەمبارکردنی، بە دروستکردنی بەنداوی گەورە و مامناوەندی، چونکە ئاو پێگەیەکی زۆر گرنگی هەیە لە بەرەپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵیدا."
رەوتی هەڵوێست دیدێکی تایبەتیشی بۆ کێشەکانی ئاو و سەرچاوە ئاوییەکان خستووەتەڕوو کە خۆی لە 11 خاڵ دەبینێتەوە، لەوانە:
1- گرنگیدان بە دروستکردنی بەنداوی گەورە و مامناوەند و پۆندی گونجاو بۆ ئەو شوێنانەی کە ئەتوانرێ بڕێکی باش ئاوی تێدا کۆبکرێتەوە.
2- دوورخستنەوەی پاشەڕۆی پزیشکی و کارگە و پاڵاوگەکان لە سەرچاوە ئاوییەکان کە ئەبێتە هۆی پیسبوونی ئاوی چەم و رووبارەکان.
3- زیادکردن و راکێشانی بۆڕیی ئاوی گەورە بۆ شارەکان لە بەنداو و پڕۆژە ئاوییەکاندا.
4- دانانی پلانی ستراتیجی پێشوەخت بۆ گەورەبوونی شار و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، دابینکردنی ئاو بۆ گەڕەکەکانی شار و شارۆچکەکان پێش دروستبوونی گەڕەکی نوێ.
5- یاسایەک دابنرێت بۆ پاراستنی ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی بە جۆرێک بە هاوسەنگی بەکاربهێنرێت، رێگە نەدرێت بەبێ پرس دەستببردرێت بۆ گۆڕینی سەرچاوەی کانی و کارێزەکان، لیژنەیەکی پسپۆر دابنرێت لە رێگەپێدان بە لێدانی بیر و بەکارهێنانی ئاوی ژێر زەوی.
6- ریسایکلینکردنی ئاوی پاشەڕۆی ماڵان بە سیستمی نوێ بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی بۆ پڕۆژەکانی کشتوکاڵی.
7- بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای سەردەم لە بەکارهێنانی ئاو، بە تایبەت لە کشتوکاڵدا بۆ ئەوەی کەمترین ئاو بەفیڕۆ بچێت.
8- هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی ناوەند بۆ رێککەوتن لەسەر ستراتیژ و هاوکاری لە کێشەکانی ئاو، دەبێت حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کێشەی ئاو بە ستراتیژی وڵات وەربگرن، تایبەت بۆ دروستکردنی بەنداو و هەوڵی رێککەوتنی ئاوی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا بدەن، کە مافی بەکارهێنانی ئاوی تێدا پارێزراو بێت، بە رێککەوتنێکی نێودەوڵەتیی پەیوەیست بە ئاو بۆ ئەو سەرچاوە ئاویانەی کە لە دەرەوەی کوردستان هەڵئەقوڵێن و ئەرژێنە ناو خاکی کوردستان.
9- بەکارهێنانی پێوەری تایبەتی ئاو بە ماڵان و شوێنە گشتییەکان بۆئەوەی بەپێی پێویست ئاو بەکاربهێنرێت.
10- بە سەنتەرکردنی ئەو بەڕێوەبەرایەتییانەی کە پەیوەیستن بە سەرچاوەکانی ئاو لە دەستەیەک یان وەزارەتێک بۆ باشتر ئیدارەدانی سەرچاوەکانی ئاو، هەروەها نەبوونی کۆدەنگی لە بڕیارداندا، کە ئێستا هەر بەشێک لە بەڕێوەبردنی ئاو سەر بە چەند وەزارەتێک یان بەرێوەبەرایەتییەکی جیاوازن.
11- دروستکردنی بۆردێک راوێژکاری تایبەت بە کەمبوونی ئاو و قەیرانی ئاو و وشکەساڵی لە کوردستان.
هاوپەیمانیی نیشتمانی
هاوپەیمانیی نیشتمانیش لە چەند خاڵێک باسی لە چارەسەرکردنی کێشەی ئاو کردووەو لە بەشی شەشەمدا تایبەت بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان، هاوپەیمانی نیشتمانی ئاماژەی بەوە کردووە "پێداچوونەوە بە هۆکارەکانی کەمی ئاو و پلاندانان بۆ چارەسەرکردنی ریشەیی."
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە "بایەخدان بە وەبەرهێنان لەکەرتی ئاودا، لە رێگەی پڕۆژەی هاوبەش و حکومیەوە، بۆ زامنکردنی ئاوی بەردەوام بۆ هاووڵاتییان."
لە خاڵێکی دیکەدا هاوپەیمانیی نیشتمانی جەختی کردووەتەوە لەسەر "پێڕەویکردنی سیستەمێکی زیرەک بۆ عەمبارکردنی ئاو". هەروەها "گەشەپێدان و نۆژەنکردنەوەی بەنداوەکان و بنیاتنانی بەنداوی دیکە بە گوێرەی پلانێکی زانستی، کە وێڕای گلدانەوەی ئاو، دەبێتە هۆکارێک بۆ دروستکردنی کەناڵەکانی ئاودێری و زیادکردنی خاکی بەراو، کە بڕبڕەی پشتی ئابووریی کشتوکاڵییە."
لە بابەتی ژینگەپارێزیش، هاوپەیمانیی نیشتمانی باسی لەوە کردووە "چارەسەرکرنی کێشەی خۆڵ و خاشاک بە شێوەیەکی زانستی و سەردەمیانە، لە رێگەی دامەزراندنی کارگەی ڕیسایکلین و بەرهەمهێنانی وزە لە پاشماوەی خۆڵ و خاشاک و شاردنەوەی لە ژێر خاکدا، بە شێوەیەک کە کاریگەریی خراپی بۆ خاک و ئاوی ژێر زەوی نەبێت". هەروەها "چارەسەرکردنی ئاوی پیسبوو و دووبارە بەکارهێنانەوەی، کە رۆژانە ڕێژەیەکی زۆر لە گوند و شار و شارۆچکەکان دەردەچێت و دەکرێت بۆ کشتوکاڵ و پیشەسازی سوودی لێ وەربگیرێت."
بزووتنەوەی گۆڕان
بزووتنەوەی گۆڕان لە بەشی پڕۆژەی ستراتیجیدا، خاڵێکی گشتگیریی بۆ چەند بوارێک خستووەتەڕوو و لە کارنامەکەدا هاتووە "جێبەجێکردنی پڕۆژەی ستراتیجی لە بوارەکانی رێگەوبان، کارەبا، نەوت و گاز، ئاو ، ئاوەڕۆ، بەنداو و ئاودێری، کارگەی بەرهەمە کشتوکاڵی و پیشەسازییەکان و گەشەدان بە کەرتی گەشتوگوزار و هەموو بوارەکانی ژێرخانی دەوڵەتێکی مۆدێرن، چارەسەرکردنی کێشەی خزمەتگوزاری و پێداویستییە سەرەکییەکانی هاووڵاتییان، وەک ئاوی پاکی خواردنەوە و دابینکردنی کارەبا بۆ هەموو شار و شارۆچکە و گوندەکان، بە گوێرەی سەقفێکی زەمەنی کە قۆناخی کۆتایی لە پێنج ساڵ تێپەڕ نەکات."
بەرەی گەل
لە کارنامەی بەرەی گەل، لە چەندین شوێن باس لە کێشەی ئاو کراوە، پەیوەست بە تەوەری کشتوکاڵ، بەرەی گەلی جەختیکردووە لە "دروستکردنی بانکی تۆ و بانکی جینی نیشتمانی، بۆ زیاتر هاوردەنەکردنی جۆرەها تۆ و رەگەزی نامۆ کە دەبنە هۆی لەناوچوونی زەوی و ئاو و بەرهەمی خۆماڵی."
هەروەها لە کارنامەکەدا هاتووە "دروستکردنی بەنداو بۆ گلدانەوەی ئاو لە هەر شوێنێک کە بگونجێت بۆ کشتوکاڵ و بەکارهێنانی تر."
هەروەها لە بەشێکی دیکەی کارنامەی بەرەی گەلدا باس لە دروستکردنی بەنداو کراوە و هاتووە "دروستکردنی بەنداوی گەورە و ستراتیجی لە هەموو ناوچەکان، بەر لە هەمووان تەواوکردنی بەنداوی بێخمە و مەنداوە وەک گەورەترین بەنداوی گلدانەوەی ئاو لە کوردستان، دروستکردنی بەربەستی گلدانەوەی ئاو لە هەموو ناوچەکانی کوردستان لەپێناو گلدانەوەی ئاوی باران."
هەروەها هاتووە "دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی تەندروست بە شێوەیەکی رێکوپێک بۆ هەموو شار و شارۆچکەیەکی کوردستان."
پەیوەست بە دۆسیەی ئاوی رووبارەکانیش، بەرەی گەل ئاماژەی بەوە کردووە "هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی ناوەند بۆ پابەندکردنی وڵاتانی دراوسێ بە پاراستنی سیاسەت و بنەمای هاوسەنگ لە بەردانەوەی بەشە ئاوی عێراق."
جەختیشدەکاتەوە لە "کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاوی ژێر زەوی و تووندکردنی سزا لەسەر سەرپێچیکاران" و "دروستکردنی ئاوەڕۆ لە هەموو شار و شارۆچکەکان تاوەکو ئاوی ژێرزەوی پیستر نەبێت."
بەرەی گەل هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە "گرتنەبەری رێکار و پڕۆژەی گەورە بۆ پاککردنەوەی پاشەڕۆ و ئاوی پیسی بەکارهاتووی ماڵان، کە کاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر رێژەی بەکاربردنی ئاو و خاوێنکردنەوەی ژینگە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ