رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، تاوەکو ئێستا لە دهۆک زۆرترین بریکار و لە هەڵەبجەش کەمترین بریکاری حیزبەکان تۆمار کراون.
یەکشەممە 13ی تشرینی یەکەمی 2024 ئەیسەر یاسین، گوتەبێژی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تۆمارکردنی ناوی بریکاری حیزبەکان بەردەوامە، تاوەکو ئێستا لە دهۆک زۆرترین بریکاری حیزبەکان و هەڵەبجەش کەمترینی تێدا تۆمار کراوە، ئەو بریکارانەش کاریان ئامادەبوون دەبێت لەنێو وێستگەکاندا."
بە گوێرەی دوایین ئاماری کۆمیسیۆن، لە پارێزگای هەولێر، شەش حیزب بە 1340 بریکار؛ لە پارێزگای سلێمانی 4 حیزب بە 5 هەزار و 138 بریکار؛ لە پارێزگای دهۆک، 7 حیزب بە 6 هەزار و 735 بریکار و پارێزگای هەڵەبجەش 2 حیزب بە 265 بریکارەوە خۆیان تۆمارکردووە.
ئەیسەر یاسین ئاماژەی بەوەش کرد، "بەوپێیەی 6 هەزار و 318 وێستگەی دەنگدانمان هەن، بۆیە ئاساییە هەر حیزبێک بە هێندەی ژمارەی وێستگەکان یان زیاتریش بریکاری هەبێت، بەڵام لە هەر وێستگەیەکدا هەر حیزبێک دەتوانێت یەک بریکاری لە ژوورەوە بێت، ئەگەر لە بریکارێک زیاتری هەبوو دەتوانن بە نۆرە بچنە ژوورەوە."
بە گوتەی گوتەبێژی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، "حیزبەکان دەتوانن تاوەکو پێش 18ـی ئەم مانگە ناوی خۆیان و بریکارەکانیان تۆماربکەن."
20ی ئهم مانگه ههڵبژاردنی خولی شهشهمی پهرلهمانی كوردستان بهڕێوهدەچێت، کە 14 حیزب و هاوپەیمانییەتی تێیدا بەشدارن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ