خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەستپێدەکاتەوە؛ "دەوام ئاسایی بووەتەوە و بایکۆت نەماوە"

14-10-2023
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
پۆلێکی خوێندن لە کەرکووک.
پۆلێکی خوێندن لە کەرکووک.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دوای خۆپێشاندان و ناڕەزایی مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، دەست بە دەوام کراوەتەوە. بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەڵێت، "دەوام ئاسایی بووەتەوە و بایکۆت نەماوە."
 
مامۆستا سەربەست یەکێکە لەو مامۆستایانەی هەڵوێستی لەسەر دواکەوتنی مووچەکەی راگەیاندبوو، ئێستا گەڕاوەتەوە سەر ئەرکەکەی خۆی و دەڵێت، "چاوەڕێی ئەنجامی هەوڵەکانمانین. تا ئەوکات رێگە نادەین پۆلەکان بەبێ مامۆستابن." 
 
مامۆستا سەربەست عەبدولواحید بەڕێوەبەری ئامادەیی کوردستانە لە کەرکووک و دەڵێت، "وێڕای کێشەکانی خۆمان و کە مووچەش نییە، بەرپرسیارێتی هەڵدەگرین و نایەڵین منداڵی کورد بێ قوتابخانە و خوێندن بێ و دەوامی خۆمان بەردەوامە." 
 
شاندێکی مامۆستایانی خوێندنی کوردی چوونە بەغداو لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و چەند لایەنێکی سیاسی کۆبوونەوە.
 
ئێستا چاوەڕێی هەنگاوەکانی دەستەیەکی سیاسین لە ئەنجومەنی وەزیران تا بڕیار لەسەر گواستنەوەی راژەی مامۆستایان بدرێ، دوای ئەوەی هەمان هەوڵ لە پەرلەمان شکستی هێنا. 
 
پەروین فاتح، بەڕێوەبەری یەکەی سەرپەرشتیاری بنەڕەتیی خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەڵێت، "ئەم بابەتە گەیشتووەتە ئەنجوومەنی وەزیران. لەسەر ئاستی ئەنجوومەنی وەزیران دەستەیەک هەیە بە ناوی دەستەی سیاسی، چونکە بەڕاستی [بابەتەکە] بووە بە سیاسی. دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستبەرداری ئەم مامۆستایانە بێت و دەستبەرداری ئەوە ببێت کە مامۆستاکان گواستنەوەیان بۆ بکرێت بە پلەی وەزیفیی خۆیان یان هەر پلەیەکیان هەیە، دەبێ بەو پلەیە گواستنەوەیان بۆ بکرێت. ئومێدیش دەکەین لە ئاییندەدا سەردانی دیکەشمان هەبێ و بەدواداچوونی بۆ دەکەین." 
 
یەکێک لەگرفتەکانی خوێندنی کوردی ئەوەیە، لەنێو قوتابخانەکان دوو جۆری مامۆستا هەن، بەشێکیان سەر بە بەغدا و زۆرینەش سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانن. ئەوانەی مووچەیان لە بەغدایە کێشەی مووچەیان نییە، بەڵام ئەرک و بەرپرسیارێتییان هاوتای یەکە. 
 
شێرزاد رەشید، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەڵێت، دەوام ئاسایی بووەتەوە و بایکۆت نەماوە؛ "نزیکەی هەزار و 600 مامۆستای سەر بە میلاکی ناوەندیمان لایە لە قوتابخانەکانی خوێندنی کوردی، بەڵام میلاکی هەرە سەرەکی، حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە شەش هەزار و 700 مامۆستا بە ناونیشانی مامۆستا و  هەزار و 400 کەس بە ناونیشانی فەرمانبەر، نووسەر، پیشەگەر، کارگوزار و ئەوانەمان هەیە."  
 
بۆ ساڵی نوێی خوێندن بە گوتەی بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی نزیکەی 13 هەزار قوتابی وەرگیراون. کۆی گشتیی قوتابیان لەو پرۆسەیە نزیکەی 100 هەزار دەبێت. 
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە