بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک: سبەی دەست بە تێکدانی حەوزەکانی ماسی دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای کەرکووک رایدەگەیێنێت، سبەینێ دەست بە تێکدانی حەوزەکانی ماسی دەکرێت و هیچ بڕیارێکیشیان لەبارەی دواخستنی پرۆسەکە پێنەگەیشتووە. 
 
زوهێر عەلی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای کەرکووک، رۆژی شەممە، 14-10-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا لەبارەی دواخستنی بڕیاری تێکدانی حەوزەکانی ماسی ئاگادار نەکراونەتەوە و هەر کاتێک بڕیارەکەیان پێبگات و پرۆسەکە دەوەستێنن، گوتیشی،" سبەی دەست دەکەین بە تێکدانی حەوزەکانی ماسی و پێشووتریش خاوەنی حەوزەکانمان ئاگادار کردووەتەوە." 
 
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای کەرکووک جەختی لەوەکردەوە، تێکدانی حەوزی ماسی، هەر تەنیا  قەزای داقووق ناگرێتەوە، بەڵکو تەواوی پارێزگای کەرکووک دەگرێتەوە. 
 
هەر حەوزێکی بەخێوکردنی ماسی، زیاتر لە پێنج هەزار ماسی تێدایە و تێچووی دروستکردنەکەی 80 بۆ 85 ملیۆن دینارە کە لە چوارچێوەی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کەمئاویی، فەرمانگەی سەرچاوە ئاوییەکانی کەرکووک دەیەوێت تێکیان بدات.
 
زەکی کەریم، بەڕێوەبەری فەرمانگەی سەرچاوە ئاوییەکانی کەرکووک رۆژی 26-09-2023  گوتی، "دوایین کاتی دیاریکراو کە بە نووسراوێکی فەرمی لە وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانەوە بۆمان هاتووە، پابەندین بە رووخاندنی حەوزەکان لە رۆژی 15ـی مانگی داهاتوو، چەند جارێک ئەو کارە دواخراوە تاوەکو خاوەن حەوزەکان بەرهەمەکانیان ساخ بکەنەوە و ئێستا بڕیار و رێنوێنی روون هەیە و ئێمەش بۆ جێبەجێکردنی هەنگاو دەنێین." 
 
زۆربەی حەوزەکانی بەخێوکردنی ماسی دەکەوێتە گوندی یەنگیجەی تاڵەبانی لە داقووق، بژێویی ژیانی نزیکەی 75 هەزار کەسی سنوورەکە لەسەر حەوزەکانی بەخێوکردنی ماسییە و بۆ چەندین پارێزگای عێراق ماسی هەناردە دەکەن.
 
رەمەزان مەجید، موختاری گوندی یەنگیجە رۆژی 26-09-2023  بە رووداوی گوت، "نزیکەی سێ هەزار حەوزی بەخێوکردنی ماسی لە داقووق هەیە، تائێستا 360 حەوز رووخێندراوە، بەهۆیەوە چەندین خێزان بێ کار و بژێوی مانەوە، هەر حەوزێک ژیانی نزیکەی 200 کەسی لەسەرە و مووچەی لە حکومەت نییە، ئەمە هاوکارییە بۆ حکومەت، زەویی حەوزەکان موڵکی خەڵکە، ئاو و کارەباش موڵکی حکومەتە، با بە پارە پێیان بدات، بۆ دەیڕوخێنێت؟".