هونەرمەند سۆها فەتحی ئازادکرا
رووداو دیجیتاڵ
دوای نزیکەی پێنج مانگ لە دەستگیرکردنی، هونەرمەندی رۆژهەڵاتی کوردستان سۆها فەتحی ئازادکرا.
سەردار وەلەدبەگی، کەسی نزیکی خێزانی سۆها فەتحی بە رووداوی گوت "هونەرمەند سۆها فەتحی ئازادکراوە، بەڵام هێشتا هاوژینەکەی لە زیندانە و چاوەڕێن ئەویش ئازاد بکرێت."
لە سەرەتای مانگی ئایاری رابردووەوە سۆها فەتحی لەکاتی هەوڵدانی بۆ پەڕینەوە لە تورکیاوە بۆ یۆنان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستگیرکرا و، حکومەتی ئەو وڵاتە بڕیاریدا دیپۆرتی ئێرانی بکاتەوە. ئەوکات دایکی سۆها گوتی "ئەگەر دیپۆرت بکرێتەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران سزایەکی سەختی دەدات."
ئەوکات، لەبارەی ئەگەری دیپۆرتکردنەوەی سۆها، سەردار وەڵەدبەگی بە رووداوی گوتبوو "هەرچەندە هونەرمەندە، بەڵام وەکو چالاکڤانی سیاسی و مرۆیی، زۆر کارا بووە، بەتایبەت لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان؛ لەدوای کوژرانی ژینا ئەمینی، بۆیە ئەگەر دیپۆرت بکرێتەوە، بەدڵنیاییەوە ژیانی دەکەوێتە مەترسییەوە."
دوای دەستگیرکردنی، کەسوکارەکەی لە رێگەی رووداوەوە داوایان لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هەموو چالاکڤانان کرد، گوشار بخەنە سەر حکومەتی تورکیا بۆ ئەوەی بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی سۆها فەتحی هەڵبوەشێنێتەوە.
بەهار فەتحی، کە ناوە هونەرییەکەی سۆهاـیە، لە گوندی نەوسوودی سنووری پاوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، چەند ساڵێک لە باشووری کوردستان ژیاوە و زیاتر لە دوو ساڵە لەگەڵ میلاد یادگاری ژیانی هاوژینیی پێکهێناوە.