مانگێکە دەرگەی قوتابخانەکان لە سلێمانی و هەڵەبجە داخراون

رووداو دیجیتاڵ

مانگێک بەسەر بایکۆتی مامۆستایانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیەدا تێپەڕی. سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستانیش دەڵێت، دیار نییە کەی دەرگەی قوتابخانەکان دەکرێتەوە.
 
رۆژی شەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2023، ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بایکۆتی مامۆستایان لەو سنوورانەی بایکۆتیان تێدا راگەیێندراوە بەردەوامە و روون نییە کەی مامۆستایان دەگەڕێنەوە قوتابخانەکان.
 
لەو سنوورانەی بایکۆتیان تێدا راگەیێندراوە 13 پەروەردە هەن؛ داواکاریی مامۆستایان بۆ کردنەوەی دەرگەی قوتابخانەکان دوو بەشە؛ وانەبێژان داوای دامەزراندن بەشێوەی گرێبەست دەکەن و داواکاریی مامۆستایانی میلاکیش مووچەی مانگەکانی ئاب و ئەیلوولە پێکەوە.
لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ دەرگەی قوتابخانەکان کراوەیە.
 
13ـی ئەیلوول، ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە دەرگەی قوتابخانەکان بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە بە داخراوی ماوەتەوە.
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی کە دەکاتە نزیکەی 40%ـی کۆی قوتابیان دەوامیان نەکردووە.