رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، هیچ کەسێک لە باکووری کوردستان و تورکیا ناترسێت لەوەی بڵێت کوردە.
سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان و بە مەبەستی تەواوکردنی ئامادەکارییەکان بۆ سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، هیچ کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا ناترسێت لەوەی ناسنامەی خۆی ئاشکرا بکات و بڵێت کوردە.
وەزیری ناوخۆی تورکیا لەو بارەوە گوتی: "لە تورکیا هیچ كهسێك ناترسێت لەوەی بڵێت من کوردم، تورکم، دیندارم، عەلەویم، سوننەم."
سلێمان سۆیلۆ رەخنەی لەو سیاسەتە گرت ئەمریکا و ئەوروپا لە ناوچەکەدا پەیڕەوی دەکەن و بە "یاری و پیلان" ناویبردن و رایگەیاند: "نەک تەنیا لەم خاکە، بەڵکو لە دەوروبەریشماندا شکست بەو یاری و پیلانانە دەهێنین کە ئەمریکا و ئەوروپا دژی وڵاتەکەمان جێبەجێیان دەکەن. ئێمە پێکەوە ئاشتی، یەکڕیزی، برایەتی و تەبایی دەهێنینە کایەوە."
ئەم گوتەیەی وەزیری ناوخۆی تورکیا لە کاتێکدایە، ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی یارمەتی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە دەدەن؛ کارێک کە جێگەی نیگەرانی زۆری ئەنقەرەیە.
سلێمان سۆیلۆ ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا ئارامی و سەقامگیری لە ئامەد، شرناخ و جۆلەمێرگ و شوێنەکانی دیکەی باکووری کوردستان و تورکیادا هەیە. گوتیشی: "ئەم ئاشتی و ئارامییە باشتر دەکەین کە ئەمڕۆ لە چونگوش و دیاربەکر و هەکاری هەیە؛ تەنانەت دەبینە هۆکاری ئارامی و سەقامگیری بۆ هەموو دەوروبەرمان تاوەکو دەگاتە دیمەشق لە سووریا و بەغدا لە عێراق. ئێمە ئەوان لەو دۆخە رزگار دەکەین کە بەهۆی ئەمریکا و ئەوروپاوە تێیکەوتوون."
قسەکانی وەزیری ناوخۆی تورکیا لە کاتێکدان، لە ماوەی چەند دەیەی رابردوودا رێگری لە زۆر چالاکی کەسانی کورد کراوە و زۆر هاونیشتمانیش ئازاردراون. رۆژی 11ی ئابی 2022 رێگری لە ژمارەیەک گۆرانیبیژ و ژەنیاری کورد کرا کە لە شەقامی ئیستقلال لە ئیستەنبووڵ گۆرانی بڵێن. لە مانگەکانی تەممووز و ئابیشدا حەوت کۆنسێرتی گۆرانیبێژ و هونەرمەندانی کورد هەڵوەشێندرایەوە.
بڕیارە رۆژی 15ی ئەم مانگە، رهجهب تهیب ئەردۆغان بهمهبهستی کردنەوەی ژمارهیهک پڕۆژە سەردانی ئامەد بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ