سێ هەزار سەگی بێلانە لە زاخۆ هەن؛ بوونەتە مەترسی لەسەر منداڵان و مەڕوماڵات


رووداو دیجیتاڵ

سەگی بێلانە لە زاخۆ مەترسی لەسەر دانیشتووانی ژمارەیەک گەڕەکی دەورووبەری شارەکە و ئاژەڵدارانی سنوورەکە دروستکردووە. شارەوانیی زاخۆ دەڵێت، نزیکەی سێ هەزار سەگی بێلانە لە سنوورەکە هەن.
 
ئاژەڵدارێک کە دانیشتووی گوندی پەرەخە لە سنووری زاخۆ لە سەگی بێلانە تووڕەیە، چونکە وەکو خۆی دەڵێت، پێش دوو رۆژ زیانی زۆریان بە ئاژەڵەکانی گەیاند و چەندین سەرئاژەڵیان لێ خواردن، بۆیە شەو و رۆژ پاسەوانی لە ئاژەڵەکانی دەکات.
 
تاهر رەمەزان، ئاژەڵدار بە رووداوی گوت، رەوەسەگێک 10 سەرئاژەڵیان لێ خوارد. باس لەوەش دەکات کە منداڵەکانیان ناوێرن بە تەنیا بچنە قوتابخانە، چونکە مەترسیی لەسەر ژیانیان هەیە، بۆیە دەبێت بە ئۆتۆمبێل بیانبەن.
 
شارەوانیی زاخۆ دەڵێت، سەگی بێلانە مەترسی لەسەر دانیشتووانی 13 گەڕەکی دەورووبەری زاخۆ و ژمارەیەک گوندی سنوورەکە دروستکردووە، بۆیە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی رزگاری لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ گرتن و گواستنەوەیان.
 
یوسف محەممەد، سەرۆکی شارەوانیی زاخۆ دەڵێت، "بەهۆی هەبوونی پاشماوەی خواردن لە دەورووبەری ماڵان ئەو سەگانە کۆدەبنەوە، بۆیە هەموومان دەزانین کە سەگی بێلانە لە سنووری زاخۆ زیاد بووە و دەست بە کۆکردنەوە و گواستنەوەیان دەکەین بۆئەوەی لە سەنتەری شار دووریان بخەینەوە."
 
بەگوێرەی شارەوانیی زاخۆ، لە سنوورەکە نزیکەی سێ هەزار سەگی بێلانە هەن کە مەترسیی زۆریان لەسەر بەشێک لە خەڵک و ئاژەڵدارانی سنوورەکە دروستکردووە.