قەدەخەی سەر تەماتە هەڵدەگیرێت

14-10-2020
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن تەماتە وەزارەتی کشتوکاڵ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاند، قەدەخەی سەر هاوردەکردنی تەماتە لە دەرەوەی وڵاتەوە هەڵدەگیرێت و لە رۆژی 15ی تشرینی یەکەمەوە بەپێی یاسا و رێنماییە تایبەتەکان دەستپێدەکاتەوە.
 
لە نووسراوێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاودا هاتووە "پاڵپشت بە یاسای پاراستن و پێشخستنی بەرووبوونی کشتوکاڵی ژمارە (4) ساكت 2008 و پاڵپشت بە نووسراوی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 6547 لە 22ی تشرینی یەکەمی 2014 تایبەت بە پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی و دوابەدوای نووسراومان ژمارە 3035 لە 15ی تەممووزی 2020 بڕیاردرا بە رێگەپێدان بە هاوردەکردنی بەرهەمی تەماتە لە دەرەوەی وڵات لە رێککەوتی 15ی تشرینی یەکەمی 2020".
 
ئاماژە بەوەش کراوە کە رێگەپێدانەکە بەپێی یاسا و رێنماییەکان و "رێنماییەکانی کەرەنتینی کشتوکاڵی" دەبێت.
 
رۆژی 16ی ئەیلوولی 2020 بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، دەستبەسەرداگرتنی سەدان تۆن پەتاتە و تەماتەی قاچاخی راگەیاند كە هەوڵدەدرا لە سنوورەكانەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان بکرێن.
 
ئەوکات بێگەرد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە كرد "كاتێك بڕیاری قەدەخەكردن و دانانی باجی پێویست لەسەر بەرهەمی هاوردە دادەنێم بۆ پاراستنی بەرهەمی جووتیارانمانە، بۆیە لەگەڵ قەدەخە و دانانی باج رێكاری تری پێویستیش دەگرینەبەر بۆئەوەی لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی جووتیارانمان بتوانرێت لە بازاڕ ساخبكرێتەوە بە رەچاوكردنی مافی بەكاربەران".
 
لە ماوەی رابردوودا، بەشێک لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان بەهۆی ساخنەبوونەوەی بەرهەمەکانیان خۆپێشاندانی ناڕەزاییان ئەنجامدا و بەرهەمەکانیان لەسەر شەقامەکان فڕێدەدا.
 

دەقی راگەیێندراوی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە