رێبوار تەها: 600 پارچە زەوی بەسەر مامۆستا و فەرمانبەرانی زانکۆی کەرکووک دابەشدەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگاری کەرکووک دەڵێت، 600 پارچە زەوی بەسەر مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی کەرکووکدا دابەش دەکرێت، گوتیشی، ''بۆ ئەوەی مەرجەکانی دابەشکردنی زەوی بیانگرێتەوە، دەبێ بەپێی سەرژمێریی ساڵی 1957 دانیشتووی کەرکووک بن.''

رۆژی شەممە 14-09-2024، رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی 600 پارچە زەوی بەسەر مامۆستا و فەرمانبەرانی زانکۆی کەرکووکدا دەکرێت کە مەرجەکان دەیانگرێتەوە.
 
رێبوار تەها گوتی، ''بەڵێنم پێدابوون کە سەرجەم ئەو مامۆستایانەی مەرجەکانیان تێدایە و لە سەرووی هەمووشیانەوە لە سەرژمێریی ساڵ 1957ـدا دانیشتووی کەرکووکن، پارچە زەوی وەربگرن.''
 
بڕیارە رێوڕەسمی دابەشکردنی پارەچە زەوییەکان لە باڵەخانەی پارێزگای کەرکووک بەڕێوەبچێت.
 
پێشتر راکان جبووری، پارێزگاری پێشووی بەوەکالەتی کەرکووک، تاکلایەنانە تیروپشکی دابەشکردنی زەوی بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆکەی لە باڵەخانەی پارێزگا ئەنجامدابوو، بەڵام ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتەوە.
 
03-04-2024، ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەوبارەوە بە رووداوی گوت "ناوی وا هەیە خەڵکی کەرکووک نییە و 57ـی کەرکووکی نییە، ئێستا کە ناوی دەرچووە، نابێت. هەیە خەڵکی کەرکووکە و ناوی لە تیروپشکەکەدا نییە، بۆیە ئێمە لەگەڵ ئەوەداین ئەو لیژنەیە وردبینی بکات و کاری خۆی تەواوبکات.''
 
پارێزگاری کەرکووک داوای لە وەبەرهێنەرانیش کرد بێن لە پارێزگای کەرکووک وەبەرهێنان بکەن و ئەوەشی خستەڕوو، ''هەنگاوەکانمان بەو ئاراستەیە دەبن کە خزمەتی کەرکووک بکرێت، دەبێ پڕۆژەکان پڕۆژەی ستراتیژی و ژێرخانی بن.''