فراکسیۆنە کوردستانییەکان بە مەرج بەشداریی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دەکەن

رووداو دیجیتاڵ 

فراکسیۆنە کوردستانییەکان رژدن لەسەر بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق، تاوەکو ئەوکاتەی پەرلەمان دەنگ بە پرۆژەیاسایەک دەدات، کە داواکاریی ئەوانە. 
 
دوو هەفتەیە پەرلەمانی عێراق کۆنەبووەتەوە، لە نێوان کورد و سوننە و شیعە ناکۆکی لەسەر چەند پرۆژەیاسایەک هەیە، لەوانە پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی زەوی و خانووی کورد و تورکمانان لە ناوچە کێشەلەسەرەکان. 
 
سوننەکان داوای پەسندکردنی یاسای لێبووردنی گشتی دەکەن، بەشێکی زۆر لە شیعەکان داوای هەموارکردنی یاسای باری کەسی دەکەن، پەرلەمانتارانیش کوردیش داوای پەسندکردنی پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی زەوی و خانووی داگیراکراو دەکەن.
 
چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، رۆژی شەممە 14-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا فراکسیۆنە کوردستانییەکان سوورن لەسەر بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان، تاوەکو پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی زەوی و خانوو بۆ خاوەنەكانیان دەخرێتە بەرنامەی کارەوە". 
 
پڕۆژەیاساکە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە، خرابووە بەرنامەی کاری رۆژی 03-09-2024 پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێ، بەڵام دانیشتنەکە نەکرا.
 
سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەسەر پرۆژەیاساکە لیژنەیەک لە پەرلەمانی عێراق پێکهێنراوە و بڕیارە راپۆرتی خۆی پێشکێش بکات بۆ ئەوەی لەسەری بگەنە رێککەوتن و دەنگی لەسەر بدرێ.
 
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری دەڵێت: "سوننەکان بە پلەی یەکەم دژی پرۆژەیاساکەن؛ شیعەکانیش پشتیوانی سوننەکان دەکەن".
 
شەوی 03-09-2024 فراکسیۆنە کوردستانییەکانی نێو پەرلەمانی عێراق کە پێکهاتوون لە فراکسیۆنەکانی (پارتی، یەکێتی، یەکگرتوو، نەوەی نوێ، کۆمەڵی دادگەری، لەگەڵ پەرلەمانتارێکی پێکهاتەی مەسیحی) پەیامێکی ناڕەزایی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.
 
فراکسیۆنەکان گوتیان، هەندێ لایەن رێگرییان کردووە لەوەی لە دانیشتنەکەی دوێنێی پەرلەماندا پڕۆژەیاسای "گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنەکەی" تێپەڕێنرێت و پەسند بکرێ کە مافی ئەو کەسانە دەگەڕێنێتەوە بەدەست "رژێمی پێشووەوە ناڵاندوویانە و تووشی راگواستن و سەرکوتکاری بوون."
  
لە پەیامەکەیاندا داوا لە فراكسیۆنەكانی پەرلەمان و هاوبەشەكانیان لە "نیشتمان" دەکەن لەگەڵیان بن بۆ تێپەڕاندنی ئەو پڕۆژەیاسایە "لەپێناو بەدیهێنانی دادپەروەری و كۆتایهێنان بە زەرەرمەندبوونی ئەو هاووڵاتیانەی قوربانیی سیاسەتەكانی رژێمی لەنێوچوون؛ هەروەها بۆ زامنكردنی سەقامگیری و ئاشتی كۆمەڵایەتی، بەتایبەت لەناوچە كێشە لەسەرەكان."