لە خەلیفان منداڵێک سەری کەوتە ژێر تایەی ئۆتۆمبێل و گیانی لەدەستدا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە ناوچە گەشتیارییەکانی دۆڵی ئالانە لە سنووری قەزای خەلیفان، منداڵێک سەری کەوتە ژێر تایەی ئۆتۆمبێل و بەهۆیەوە گیان لەدەستدا.
 
ئەمڕۆ شەممە 14ی ئەیلوولی 2024 کاروان شێرزاد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی خەلیفان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاژێر 05:30ی ئەمڕۆ لە ناوچە گەشتیارییەکانی دۆڵی ئالانە، منداڵێک بەناوی لیزا هێمن عەلی، تەمەن یەک ساڵ و نیو، کەوتووەتە ژێر تایەی ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا هایلۆکس و بەسەر سەریدا رۆیشتووە؛ بەهۆیەوە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە."
 
گوتیشی، "خێزانی منداڵەکە خەڵکی پێنجی حەسارۆکی شاری هەولێرن و بە مەبەستی گەشت و سەیران روویان لە دۆڵی ئالانە کردووە، شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلەش کە لە منداڵەکەی داوە، گەشتیار بووە."
 
دۆڵی ئالانە نزیكەی 15 کیلۆمەتر لە باشووری خۆرهەڵاتی شارۆچكەی خەلیفان دوورە و لەسەر رێگەی نێوان خەلیفان - بالیسانە و رووباری ئالانەی پێدا دەڕوات، لە رۆژانی پشوودا ژمارەیەکی زۆر هاونیشتمانیی بە مەبەستی گەشت و سەیران روو لەو ناوچەیە دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە