پێشبینی دەکرێت بەرهەمی چەوەندەر لە کرماشان یەک ملیۆن تۆن بێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی رێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت ئەم ساڵ بەرهەمی چەوەندەر لەو پارێزگایە بگاتە زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن.
 
ئەمڕۆ شەممە 14-09-2024 عەلی چاڵەچاڵە، بەرپرسی رێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، رووبەری چاندنی چەوەندەری بەهارە لە پارێزگای کرماشان 14 هەزار و 310 دۆنمە، "تێکڕای بەرهەمی کێڵگەکانی چەوەندەری بەهارە لە پارێزگاکەدا نزیکەی 70 تۆنە لە هەر دۆنمێکدا، پێشبینی دەکرێت ئەم ساڵ زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن چەوەندەر بەرهەم بهێندرێت."
 
چاڵەچاڵە دەڵێت، "لە وەرزی بەهاردا چەوەندەر لە شارە سارد و مامناوەندەکانی ئەو پارێزگایە دەچێندرێت."
 
بەرپرسی رێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای کرماشان ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو چەوەندەرە شەکرەی لەو پارێزگایە بەرهەم دەهێندرێت، بەشێکی بۆ کارگەکانی بەرهەمهێنانی شەکر لەو پارێزگایە و بەشێکی دیکەی رەوانەی کارگەی پارێزگاکان دەکرێت.
 
کۆکردنەوەی چەوەندەر لە پارێزگای کرماشان تاوەکو مانگی کانوونی یەکەم بەردەوام دەبێت، چاندنی چەوەندەری پاییزە لە ناوچە گەرمەکانی پارێزگاکە لە وەرزی پاییزدا دەکرێت، کۆکردنەوەشی لە مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی ساڵی داهاتوودا دەبێت.
 
رووبەری چاندنی چەوەندەر لە پارێزگاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئەم ساڵ بەراورد بە پار 18.4% زیادیکردووە.
 
زیاتر 30%ی چەوەندەری ئێران لە پارێزگای ورمێ بەرهەم دەهێندرێت، بۆیە لە رووی بەرهەمهێنانی چەوەندەرەوە، ورمێ لەسەر ئاستی ئێران بە پلەی یەکەم دێت.
 
وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران بۆ ساڵی 2023 بۆ کڕینی هەر تۆنێک چەوەندەر لە جووتیاران نرخی دوو ملیۆن و 800 هەزار تمەن (نزیکەی 50 دۆلار)ی دیاریکردبوو.