عومەر ئۆجەلان: دەمەوێت عەبدوڵڵا ئۆجەلان ببینم

رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانتارێکی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان - دەم پارتی، داوای دیداری عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان دەکات و دەڵێت: "دەمەوێ لەگەڵ مامم کۆببمەوە."
 
عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی دەم پارتی لە بازنەی رووها-ی باکووری کوردستان، کە هاوکات برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلانە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە باڵەخانەی پەرلەمانی تورکیا داوایەکی ئاراستەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و یڵماز تونچ، وەزیری داد کرد و گوتی: "دەمەوێ لەگەڵ مامم کۆببمەوە."
 
عومەر ئۆجەلان گوتی: "42 مانگە ئۆجەلان لەژێر گۆشەگیرییەکی چڕدایە، رێگە بە پارێزەران و کەسوکاری نادرێت سەردانی گرتووخانەی سزا قورسەکانی دوورگەی ئیمراڵی بکەن."
 
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی ئاماژەی بەوەدا بەپێی یاسا، بەندکراو مافی هەیە لە هەر 15 رۆژ جارێک لەگەڵ پارێزەرانی یان لەگەڵ کەسوکارەکانی کۆببێتەوە. لانیکەم مافی ئەوەی هەیە 15 رۆژ جارێک بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە کەسوکارییەوە بکات.
 
برازاکەی ئۆجەلان گوتی: "مەبەستمان مامەڵەی جیاواز نییە بۆ مامم، تەنیا داوای ماف دەکەین بۆ ئەوەی ئەو دەرفەتەمان هەبێت لەگەڵ کۆببینەوە و لە تەندروستیی دڵنیاببینەوە."
 
دوایین جار، رۆژی 25ی ئاداری 2021 محەممەد ئۆجەلان، بە تەلەفۆن بۆ ماوەی چوار خولەک قسەی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلانی برای کرد. دوای ئەم پەیوەندیییە تەلەفۆنییە، پارێزەرانی ئۆجەلان چەندین جار داواكارییان پێشكەشی سەرۆكایەتیی داواكاری گشتیی كۆماریی لە بورسا كردووە بۆ بینینی ئۆجەلان، بەڵام سەرجەم داواکارییەکانیان رەتکراوەتەوە.
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان لە 15ـی شوباتی 1999 لە ئۆپەراسیۆنێکی میت لە کینیا دەستگیرکرا و گەڕێندرایەوە تورکیا. دوای دادگاییکردنی، لە 29ی حوزەیرانی 1999 فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، بەڵام بەهۆی نەهێشتنی سزای لە سێدارەدان لە تورکیا حوکمەکەی گۆڕدرا بۆ زیندانی تاهەتایی، لەوکاتەوە ئۆجەلان لە گرتووخانەی دوورگەی ئیمراڵییە.