لە کرماشان ئەم ساڵ 30 هەزار منداڵی پۆلی یەک دەست بە خوێندن دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگای کرماشان ئامادەیی قوتابخانەکانی ئەو پارێزگایەی بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن راگەیاند.
 
ئەمڕۆ شەممە 14-09-2024 سەلمان محەممەدی، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی کرماشان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بە کردنەوەی قوتابخانەکان لە هەفتەی داهاتوو کرد و رایگەیاند، 21ی ئەیلوول لە فێستیڤاڵێکدا بە ئامادەبوونی منداڵانی پۆلی یەکەم و خانەوادەکانیان، ئاهەنگێک ساز دەکرێت.
 
محەممەدی گوتی، بۆ ئەم ساڵی خوێندن، بەگشتی 370 هەزار قوتابی هەن، کە 30 هەزاریان دەبنە پۆلی یەکەمی سەرەتایی و 4000 قوتابخانە و 14 هەزار پۆل ئامادەن بۆئەوی قوتابییەکان تێیدا بخوێنن.
 
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی کرماشان ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارە 2000 مامۆستای نوێ دابمەزرێن و 40 قوتابخانەی نوێ کە لە 150 پۆل پێکدێت، لە سەرەتای خوێندن بەڕووی قوتابیاندا بکرێنەوە.
 
هەموو ساڵێک لە 21ی ئەیلوول، لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان خوێندن دەستپێدەکات.