پەروەردەی چەمچەماڵ: بەشێک لە پۆلەکانی خوێندن نزیکەی 38 قوتابییان تێدایە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ دەڵیت، بۆ ئەم ساڵی خوێندن پێویستییان بە 10 قوتابخانەی نوێ هەیە. گوتیشی، نزیکەی 38 قوتابخانە پێویستییان بە نۆژەنکردنەوەیە.
 
ئەمڕۆ شەممە 14-09-2024 عەبدوڵڵا حەمە کاکەڕەش، بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی کرد، رایگەیاند، "ساڵانە ژمارەی قوتابیان زیاد دەکات و پێویستیمان بە باڵەخانە، پۆل و شوێنی خوێندنی زیاترە."
 
قەزای چەمچەماڵ پێکهاتووە لە شەش ناحیە، 300 گوند و ناوەندی شار. عەبدوڵڵا حەمە کاکەڕەش گوتی، لە سنوورەکە 193 قوتابخانە و 55 هەزار و 443 قوتابی هەن.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ، بەهۆی دۆخی ئابوورییەوە، لە ساڵی 2014وە وەکو پێویست لە سنووری چەمچەماڵ قوتابخانە دروست نەکراوە، "ئێستا پێویستیمان بە 10 باڵەخانەی نوێی خوێندن هەیە، هەروەها کەرەستەی نێو قوتابخانەکانیش کۆنن و زۆربەی قوتابخانەکان پێویستییان بە نۆژەنکردنەوەیە."
 
وەکو عەبدوڵڵا حەمە کاکەڕەش گوتی، ئەم ساڵ 16 قوتابخانە نۆژەنکراونەتەوە، "بەڵام هێشتا نزیکەی 38 قوتابخانە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە."
 
بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ گوتیشی، لە زۆربەی قوتابخانەکانی سنوورەکە دوو دەوام دەکرێت و دوو قوتابخانەش هەن کە سێ دەوامین؛ "شەش قوتابخانەشمان هەیە کە تاوەکو ئێستا لە کابینەکاندان و بۆ خوێندن گونجاو نین."
 
عەبدوڵڵا حەمە کاکەڕەش دەڵێت، کەمیی قوتابخانەکان هۆکارە بۆ ئەوەی بەشێک لە ژوورەکانی خوێندن نزیکەی 38 قوتابی لەخۆبگرن، هەندێک باڵەخانەشمان هەن کە کۆنن و پۆلەکان لە 20 بۆ 25 قوتابی زیاتر لەخۆناگرن، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی پۆلەکان زیاتر لە 30 قوتابییان تێدا دەبێت.
 
گوتیشی، بڕیارێک دەرچووە کە 16 ژووری خوێندن بۆ ئەو قوتابخانانە دروست بکرێت کە ژمارەی قوتابیانیان زۆرە و قەرەباڵخن.
 
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دروستکردنی باڵەخانە بۆ ناوەندەکانی خوێندن لە هەموو شارەکاندا بووە. هاوکات لە چەند قوتابخانەیەکی پێشتریش ژووری نوێ دروستکراوە.
 
بە باڵەخانە نوێیەکان و زیادکردنی ژوورەکانەوە، بەراورد بە پار، ئەمساڵ شوێنی 100 هەزار قوتابی زیاتر ئامادە کراوە. ئەمەش بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان.
 
لەبارەی دابەشکردنی کتێب بەسەر قوتابییانیشدا بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ دەڵێت، "دوو ساڵە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان 100%ی کتێبەکان لە سنوورەکە دابەش دەکات و لەوبارەوە هیچ گرفتێکمان نییە."
 
گرفتێکی دیکەی بەردەم خوێندن لە سنووری چەمچەماڵ کەمیی مامۆستایە. عەبدوڵڵا حەمە کاکەڕەش ئاماژەی دا، بەشێک لە مامۆستایانی چەمچەماڵ خەڵکی کەرکووک و سلێمانین کە داوای گواستنەوە بۆ شارەکانیان دەکەن، دوای گواستنەوەشیان بەهۆی نەبوونی دامەزراندن، شوێنیان بە مامۆستای نوێ پڕ ناکرێتەوە.