سەرۆکی کۆمیسیۆن بۆ رووداو: هەفتەی داهاتوو وادەی دەستپێکی بانگەشە دیاری دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، هەفتەی داهاتوو وادەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری دەکرێت و ماوەی بانگەشەکە کەمتر لە یەک مانگ دەبێت.
حاکم عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی شەممە 14-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەفتەی داهاتوو ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کۆدەبێتەوە، تێیدا بەربژێرەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسند دەکات، هەر لە کۆبوونەوەکەدا وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاری دەکرێت".
18ـی مانگی 10ـی ئەم ساڵ، دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت و 20ـی هەمان مانگ دەنگدانی گشتی.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی: "ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن کەمتر لە یەک مانگ دەبێت. لە نێوان 20 بۆ 25ی ئەم مانگە رۆژی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاری دەکرێت".
حاکم عومەر ئەحمەد دەڵێت، ئاراستە گشتییەکە ئەوەیە کە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن کەمتر لە مانگێک بێت، "چونکە هەڵبژاردن فرەبازنەییە و بەربژێر تەنیا لە بازنەکەی خۆی بانگەشە دەکات، ئەوەش ماوەیەکی گونجاوە بۆ بانگەشە. هەروەها کەشەکەش بەگشتیی وا دەخوازێت، کە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن کەمتر لە یەک مانگ بێت."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بڕیار بوو ئەم هەفتەیە بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێبکات، بەڵام داوا لە کۆمیسیۆن کراوە وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن کەمبکرێتەوە بۆ کەمتر لە یەک مانگ.
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 578 کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە دوو ملیۆن و 683 هەزار و 618ـیان دەنگدەری گشتی و 215 هەزار و 960ـیان دەنگدەری تایبەتن.
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان 1431 بنکەی دەنگدان دەبن، 1266ـیان بنکەی دەنگدانی گشتی و 165ـیان بنکەی دەنگدانی تایبەتن.
1198 بەربژێر وەک سەربەخۆ، بەربژێری کۆتای پێکهاتە، پارت و هاوپەیمانیێتییەکان کێبڕکێی بەدەستهێنانی 100 کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.