نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەرپرس و ئەندامانی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە دهۆک کۆدەبێتەوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری یەکەمی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی مەکتەبی رێکخستنی پارتی کرد لە پارێزگای دهۆک و لەگەڵ بەرپرس و ستافی مەکتەبی رێکخستن لە دهۆک کۆبووەوە.
 
رۆژی شەممە، 14ـی ئەیلوولی 2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری یەکەمی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان گەیشتە دهۆک و ژمارەیەک کۆبوونەوە و دیداری هەبوون، سەرەتا بەشدارییکرد لە نمایشی شانۆگەریی "داستانی کوردستان" و دواتر لەگەڵ بەرپرس و ئەندامانی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە دهۆک کۆبووەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە دهۆک، دوایین پێشهات و دۆخی پارێزگاکە تاوتوێکراوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەربەست لەزگین، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی رێکخستی پارتی لە دهۆک ئامادەبوون.
 
بەپێی زانیارییەکانی ناسر عەلی، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە دهۆک، نێچیرڤان بارزانی چەند رۆژێک لە پارێزگاکە دەمێنێتەوە.
 
لەو چوارچێوەیەشدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان "سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و چەند قەزایەکی دیکە دەکات و لەگەڵ بەرپرس و ئەندامانی پارتی" کۆدەبێتەوە.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە