رووداو دیجیتاڵ
بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال، بەدواداچوون بۆ هەواڵێک دەکات لەبارەی ناردنی مووچەی مانگەکانی ئاب و ئەیلوول بەیەکەوە لەلایەن بەغدا بۆ فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەند سەرچاوەیەک دووپاتیانکردووەتەوە، هەواڵەکە دوورە لە راستییەوە و بەغدا دوو مووچە بەیەکەوە خەرج ناکات.
هەروەها یەکێک لە مژارەکانی دیکەی بەرنامەکە، پرسی گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بە گوێرەی زانیارییەکانی رۆژی هیوا جەمال، وەزیری دارایی عێراق، لە کۆبوونەوەی هەفتەی رابردوودا داوای کردووە، راژەی سەرجەم مامۆستا و مووچەخۆرانی ئەو ناوچانە بگوازرێتەوە سەر میلاکی حکومەتی عێراق، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمەی رەتکردووەتەوە.
رۆژی شەممە 14-9-2024 بەرنامەیەکی دیکەی (رۆژی هیوا جەمال) لە تۆڕی میدیایی رووداو پێشکێشکرا، بەرنامەکە چەند تەوەرێکی لەخۆگرتبوو.
دۆسیەی فەرمانبەرانی ناوچە کوردستانییەکان
یەکێک لە تەوەرەکانی بەرنامەکە، بەدواداچوون بوو بۆ هەواڵێک لەبارەی گواستنەوەی راژەی مامۆستا و مووچەخۆرانی خوێندنی کوردی لە ناوچە دابڕێندراوەکان.
بە گوێرەی زانیارییەکانی رۆژی هیوا جەمال، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابووری و ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان، وەزیری دارایی عێراق پیشنیازیکردووە، بۆ چارەسەرکردنی مووچەی مووچەخۆرانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، کە لە هەرێمی کوردستان مووچە وەردەگرن، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان نووسراو بکات لە رێگەی وەزارەتەکانی بەغداوە مووچەکەیان خەرج بکرێت.
واتە هەر بەڕێوەبەرایەتییەک ببەسترێتەوە بە وەزارەتەکەی خۆی، بۆ نموونە کارمەند و مامۆستایانی کوردی لەو ناوچانە بخرێنە سەر وەزارەتی پەروەردەی عێراق. بێجگە لە خوێندنی کوردی.
پێشتر وەزیری دارایی عێراق ویستبووی مووچەکانیان ببڕێت، کاتێک لیستی مامۆستا و فەرمانبەرانی سەربە خوێندنی کوردیی بینیبوو، پرسیاریکردبوو، ئەوە چییە؟ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەی دابوو لەبارەی ئەوەی کە لە ساڵی 2003 بەدواوە ئەو بڕیارە دراوە و خوێندنی کوردی و ژمارەیەک فەرمانگەی دیکە هەن، کە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچە وەردەگرن.
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە رۆژی هیوا جەمالی گوت: "ئەگەر مامۆستایانی خوێندنی کوردی بخرێنە سەر وەزارەتی پەروەردەی عێراق، ئەوای پرۆگرامی خوێندنی کوردی وەکو بەغدای لێدێت، لەودۆخەدا خوێندنی کوردی لەسەر پرۆگرامی هەرێمی کوردستان نامێنێت".
بە گوێرەی زانیارییەکان، "مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی ناوچە کوردستانییەکان کە لە هەرێمی کوردستان مووچە وەردەگرن، نزیکەی 100 ملیار دینارە."
رەئووف سەعدوڵڵا، بەڕێوەبەری یەکەی سەرپەرشتیاری بنەڕەتیی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، لە رۆژی هیوا جەمال گوتی: "زۆربەی مامۆستایان لەگەڵ ئەوەن مووچەکانیان لەسەر بەغدا بێت، هاوشێوەی خوێندنی عەرەبی و تورکمانی، بەو شێوەیە بارگرانیی سەر حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کەمتر دەبێتەوە".
سەبارەت بە گۆڕینی پڕۆگرامی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، رەئووف سەعدوڵڵا گوتی: "پڕۆگرامی خوێندن کێشەی نییە و لەگەڵ ئەوەداین وەکو خۆی بمێنێتەوە، بەڵام ئەگەر پڕۆگرامەکەش بگۆڕێت، دەبێت وانەی کوردی و کۆمەڵایەتی وەکو خۆی بمێننەوە، چونکە شوناسمان لەنێو ئەو دوو وانەیەیە و دەبێت پارێزگاریی لێبکەین".
ئەو سەرپەرشتیارەی خوێندنی کوردی لە کەرکووک باسی لەوەشکرد: "پڕۆگرامی عێراق، ئەگەر بە کوردی بێت، پێی رازیین و کێشەمان نابێت، بەڵام پڕۆگرامەکە وەک و خۆی بمێنێتەوە باشترە".
ئەو بەرپرسەی خوێندنی کوردی پێیوایە، کێشەی سەرەکی مامۆستایان و فەرمانبەرانیان ئەوەیە مووچەیان لە کاتی خۆی پێنادرێت، لە کاتێکدا لەنێو هەمان قوتابخانە، مامۆستایانی خوێندنی عەرەبی و تورکمانی لەکاتی خۆیدا مووچە وەردەگرن، "ئەمە کاریگەریی لەسەر دەروونی مامۆستایان دروستکردووە".
"قوتابییان دەگەڕێنەوە بۆ خوێندنی کوردی"
رەئووف سەعدوڵڵا نەیشاردەوە ئێستا قوتابییان زیاتر لە خوێندنی عەرەبییەوە روو دەکەنە خوێندنی کوردی بە شێوەیەک "زۆر لە قوتابییان دەگەڕێنەوە خوێندنی کوردی، بەڵام بە شکستخواردوویی، چونکە پرۆگرامی خوێندنی کوردی زۆر جیاوازە لە خوێندنی عەرەبی و تورکمانی، هەروەها شێوازی هەڵسوکەوتکردنی مامۆستا و بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەری پەروەردە جیاوازە، قوتابیانی کورد لە خوێندنی عەرەبی سەرکەوتوو نابن، ئینجا دەگەڕێنەوە. هەروەها ژمارەی خوێندکاران لە پۆلدا و دوورە دەستیی قوتابخانە عەرەبییەکان لە گەڕەکە کوردییەکان هۆکارێکی دیکەی شکستهێنانی خوێندکارە کوردەکانە."
بەڕێوەبەری یەکەی سەرپەرشتیاری بنەڕەتیی خوێندنی کوردی لە کەرکووک گوتی، تەنیا ساڵی رابردوو نزیکەی 600 خوێندکار لە خوێندنی عەرەبی گەڕاونەتەوە خوێندنی کوردی. گوتیشی: "ئەم ساڵ زۆر بەڕێوەبەر پەیوەندیمان پێوە دەکەن کە رێژەیەکی زۆری قوتابی دەگەڕێنەوە بۆ خوێندنی کوردی، ئەمەش بۆ ئێمە جێگەی خۆشحاڵییە."
بە گوتەی رەئووف سەعدوڵڵا رێژەی دەرچوونی خوێندنی کوردی زۆر باشترە و لەسەر ئاستی عێراق یەکەمەکان لە خوێندنی کوردین. گوتیشی "لە هیچ قوتابخانەیەکی خوێندنی عەرەبی، ژمارەی خوێندکاران لە پۆلێکدا لە 50 خوێندکار کەمتر نییە، بەڵام لە قوتابخانەکانی خوێندنی کوردی، ئەگەر رێژەی قوتابییانی زۆریش، بێت، لە ئامادەییەکان ژمارەی خوێندکاران لە پۆلێکدا 40 خوێندکارە".
لەبارەی باڵەخانەی قوتابخانە کوردییەکانیشەوە، رایگەیاند "کێشەمان هەیە، 50 قوتابخانەی نوێ لە کەرکووک دروست دەکرێن، بەڵام لە گەڕەکە کوردییەکان نین، بۆ ئەوەی کێشەی دوو دەوامی و سێ دەوامی لە قوتابخانەکانی خوێندنی کوردی نەمێنێت، پێویستمان بە 150 باڵەخانەی دیکە هەیە بۆ قوتابخانە".
مووشەکی 'تارمایی زریان'؛ ترسە گەورەکەی سەر بنکە سەربازییەکانی رووسیا
ئەمریکا و بەریتانیا بەکارهێنانی مووشەکی ستۆرم شادۆ لەلایەن ئۆکراینا تاوتوێدەکەن، کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی بابەتێکی دیکەی بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال بوو، بەریتانیا دەیەوێت سەرۆکی ئەمریکا رازیبێت، ئەو مووشەکە بەریتانی - فەرەنسییەی دراوەتە ئۆکراینا، لەدەرەوەی سنوورەکانی بەکاریبهێنێت. مووشەکەکە ناوی ستۆرم شادۆو ( Storm Shadow)ـە.
ئەگەر ئەمریکا رێگەبدات ئۆکراینا مووشەکی ستۆرم شادۆ بەکاربێنێت، دۆخی جەنگەکە دەگۆڕێت.
ئەمریکا و هەندێ لە وڵاتانی ئەورووپا نیگەرانن لەوەی چین و ئێران پاڵپشتی رووسیا دەکەن و رووسیا چەکی ئێرانیی لە جەنگەکە بەکاردەهێنێت، هەرچەند ئێران ئەوە رەتدەکاتەوە.
ستۆرم شادۆ/ سکاڵپ چییە؟
ستۆرم شادۆ واتە تارمایی زریان، لەناوەکەی دیارە مووشەکێکی بەهێزە.
ستۆرم شادۆ مووشەکێکی ئینگلیزی فەرەنسییە، 250 کیلۆمەتر دەبڕێت، فەرەنسییەکان بە سکاڵپ ناوی دەبەن.
فەرەنسا و بەریتانیا ئەو مووشەکەیان داوەتە ئۆکراینا، بەڵام بەمەرجێک تەنیا لەنێو سنووری ئۆکراینا بەکاری بهێنێت.
خێرایی مووشەکەکە نزیکدەبێتەوە لە خێرایی دەنگ، بەر لە تەقینەوەی بە زەوییەوە دەچەسپێت، واتە بە نزمیی و بەشێوەی شەپۆل نزیک لەزەوی دەڕوات.
لەرێگەی کامێرای ئاستبەرزی تیشکی ژێرسوور ئامانجەکەی دەپێکێت.
کێشەکەی هەزار و 300 کیلۆیە، درێژیییە 5.1 مەترە، پانیی باڵەکانی 3 مەترە.
تایبەتیمەندی ئەوەیە، بەردەوام لە پەیوەندییە لەگەڵ ناوەند تاوەکو ئامانجەکە دەدۆزێتەوە، دەتوانێت 5 مەتر لە بەربەستی ئاسن ببڕێت و کونی بکات، کاتێک بۆمبەکە جیادەبێتەوە، پەیکەری موشەکەکە دەتەقێتەوە، بۆمبەکە هەندێک درەنگتر دەتەقێتەوە بۆ ئەوەی بگاتە نێوەڕاستی ئامانجەکە.
نرخی هەر مووشەکێک یەک ملیۆن دۆلارە.
ئەگەر رێگە بە ئۆکراینا بدرێت ستۆرم شادۆ بەکاربێنێت، نزیکەی 200 بنکەی سەربازیی رووسیا دەکەونە ژێر مەترسیی مووشەکەکە.
ئەمریکا دوودڵە لە رازیبوون بەوەی ئۆکراینا ئەو مووشەکە لە دەرەوەی سنوورەکانی بەکاربهێنێت، چونکە بنکەی ئاسمانیی ئەمریکا لە پۆڵەندا دەکەوێتە ژێر مەترسیی رووسیا.
گەنجان و هەڵبژاردن؛ هەلی کار بەرامبەر دەنگدان
سێ گەنج لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)ـەوە، داوای بەشداریی گەنجان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن، بەڵام بەو مەرجەی متمانە بۆ گەنجان بگەڕێندرێتەوە و داواکارییەکانیان جێبەجێ بکرێن، ئەو سێ گەنجە پێیانوایە "دەبێت زەمینەی لەبارە بۆ گەنجان بڕەخسێندرێت، تاوەکو لە هەڵبژاردن بەشدار بن". هاوکات داوا دەکەن "هەلیکار زیاتر بکرێت و دەستی کاری بیانی کەمبکرێنەوە". لەگەڵ ئەوەش رەخنە لە گەنجانی کوردستان دەگرن بەوەی "هەموو کارێک ناکەن و جۆرێک لە تەمبەڵییان تێدا هەیە".
هیوا جەمال لەو سێ گەنجەی پرسی: بۆچی بەشداریی گەنجان لە هەڵبژاردن ساڵ دوای ساڵ کەمتر دەبێتەوە؟
خەندە محەممەد، خوێندکاری ئەندازیارییە لە زانکۆی سەڵاحەدین، گوتی "هەڵبژاردن میکانیزمی سەرەکیی گۆڕانکارییە لە حوکمڕانی، هەر گەنجێک لەو پرۆسەیە بەشدار نەبێت، نابێت چاوی لەوە بێت گۆڕانکاری لە دەوروبەری و لە حوکمڕانی بکات".
خەندە محەممەد پێیوایە، "مادام گەنجان گلەیی دەکەن، دەبێت لە هەڵبژاردنیش بەشداربن، بۆ ئەوەی گلەییەکەیان نەمێنێت و ئەو گۆڕانکارییە بکەن کە خۆیان دەیانەوێت، دەبێت مافەکەیان بەکاربهێنن، تاوەکو مافێکی دیکە بەدەستبهێنن".
ئەو کچە خوێندکارە رەخنەی لە گەنجان هەیە و دەڵێت، "ئێستا هەلی کار زۆرە، بەڵام گەنجان نایکەن". نموونە بەوە دەهێنێتەوە "گەنجان دەتوانن پەیوەندی دروست بکەن، چەندین دامەزراوە هەن، دەتوانن بە خۆبەخشی کار بکەن و دواتر کە بەهرە و توانایان دۆزییەوە، کاری تێدا بکەن، کەرتی تایبەت پڕیەتی لە هەلی کار و دەتوانن سەرەتا کاری خۆبەخشی بکەن، ئینجا کە زانیی توانای هەیە لەو بوارەدا کار بکات". دەشڵێت "نابێت هەموو گەنجان چاویان لە دامەزراندن بێت، بەڵکو دەبێت پەرە بەخۆیان بدەن و لە کەرتی تایبەت کار بکەن".
هێمن حەمید، گەنجێکی دیکەی دەرچووی بەشی تەکنەلۆژیای زانیارییە، ئەو گەنجە لەو گفتوگۆیەی رۆژی هیوا جەمال، باس لەوە دەکات کە "هۆکاری دەنگنەدانی گەنجان، نەمانی متمانەیە لە نێوان گەنج و دەسەڵات، هۆکاری سەرەکیش کەمیی هەلی کارە".
ئەو دەرچووەی زانکۆ دەڵێت: "بە شێوەیەکی گشتی، گەنجان متمانەیان بە هەڵبژاردن نەماوە، ساڵانی رابردوو دۆخی ئابووریی زۆر خراپ بووە و بەشێکی دروشمەکانیش جێبەجێ نەکراون". بە بڕوای هێمن حەمید "کرێکاری بیانی هەلی کاری بۆ گەنجانی کوردستان کەمکردووەتەوە، دەبێت میکانیزمێک هەبێت تاوەکو گەنجانی کوردستان زۆرترین هەلی کاریان دەست بکەوێت."
حۆری خۆشناو، خوێندکاری راگەیاندنە، ئەو رەخنەی لە بەشێکی گەنجان هەیە بەوەی "جۆرێک لە تەمبەڵیان تێدایە، هەموو کارێک ناکەن، لەگەڵ ئەوەشدا گلەییان هەیە". ئەو پێیوایە "هەڵبژاردن دەرفەتێکی گرنگە بۆ گەنجان تاوەکو گۆڕانکاری بکەن و ئامانجەکانیان بپێکن". لەگەڵ ئەوەشدا داوا دەکات "حکومەت داواکارییەکانی گەنجان لەبەرچاو بگرێت و هەمیشە هەوڵی رەخساندنی زۆرترین دەرفەت بدات".
هەرسێ گەنجی بەشداربوو لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال، بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردن بەستەوە بە دەستکەوتنی هەلی کار، بۆیە هیوا جەمال پرسیاری کرد، ئاخۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن تەنیا پەیوەندیی بە هەلی کارەوە هەیە؟ لە وەڵامدا حۆری خۆشناو گوتی: "هەڵبژاردن تەنیا بۆ هەلی کار نییە، بەڵکو مافێکی بنەڕەتیی خۆیەتی و دەتوانێت لەو رێگەیەوە گۆڕانکاری بکات و مافەکەی بەکاربهێنێت و ئامانجەکەی بپێکێت".
فاکت چێکینگی رۆژی هیوا جەمال؛ بەغدا مووچەی مانگی 8 و 9 بەیەکەوە دابەش دەکات؟
دوو رۆژە زۆربەی سایت و ماڵپەڕەکان ئەوەیان بڵاوکردووەتەوە گوایە وەزارەتی دارایی عێراقی فیدڕاڵ مووچەی مانگەکانی 8 و9 پێکەوە دەنێرێت.
سەرچاوەی هەواڵی بەشێکی زۆر لە ماڵپەڕ و پەیجەکان لەبارەی ناردنی دوو مووچە لە لێدوانێکی جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی داراییە کە گوتبووی؛ بە ناردنی لیستی نوێی راستکراوەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و ژمارەی وەزیفییان، وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی هەردوو مانگی 8 و 9 پێکەوە دەنێرێت.
بەشی فاکت چێکینگی رۆژی هیوا جەمال، بەدوای راستیی هەواڵەکە گەڕا، لەگەڵ کۆمەڵێک سەرچاوەی بەرپرس لە هەردوو حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆی کرد.
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە رۆژی هیوا جەمالی راگەیاند، بەغدا دوو مووچە لەیەک کاتدا و پێکەوە نانێرێت، لەبەرئەوەی سویلەی پێویست لەبەردەست نییە. ئەگەر تەمویلی دوو مووچە بکات ئەوا دەبێت چەند رۆژێکی لەنێوان بێت، واتە لانیکەم هەفتەیەک.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ لە 10-9 وەزارەتی دارایی عێراقی پابەندکرد بە ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان بۆ هەموو مانگەکان، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ، بەمەرجێک لەو ماوەیەدا کێشەکانی لیستی مووچە چارەسەر بکرێن و مووچەخۆران بە بانکی بکرێن.
وەک بەشی فاکت چێکینگی رۆژی هیوا جەمال دەستی کەوتووە، "ئەو هەواڵە راست نییە کە بەغدا مووچەی مانگی 8 دەنێرێت، چونکە پێشتر هی مانگی هەشتی ناردووە، ئەوەی دەینێرێت هی مانگی حەوتە، بۆ مانگی حەوت دەبێت 920 ملیار دینار بنێرێت، لیستی مووچەی مانگەکانی 9 و ئەوانەی دیکە بە هاوتاکردنەوە ئامادە دەکرێت، بڕی پارەی داواکراو زیاد دەکات و دەبێتە 998 ملیار دینار".
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق، تایبەت بە رۆژی هیوا جەمال رایگەیاند: "وەزارەتی دارایی عێراق چاوەڕێی فەرمانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکات بۆ تەمویلکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان، تاوەکو رۆژی شەممە 14-9-2024 فەرمانەکە نەدراوە".
لە کۆبوونەوە دوو رۆژییەکەی نێوان ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق و ئەنجوومەنی ئابووری هەرێمی کوردستان، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق نەچووەتە ژێرباری ناردنی مووچە بەوشێوەیەی ئێستا، بەڵام گوتوویەتی ئەگەر ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاربدات، جێبەجێیدەکات."
رۆژی هیوا جەمال
شۆیەکی 40 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.
لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە.
دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ