نێچیرڤان بارزانی لەدوای شانۆگەریی 'داستانی کوردستان': چیرۆکی کۆڵنەدانی میللەتێک بوو

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێویستە زیاتر پاڵپشتیی لە دروستکردنی شانۆ و فیلم بکرێت، گوتیشی، پەیامی شانۆگەریی 'داستانی کوردستان' بۆ گەنجانە کە ''ئەوانەی لە رابردوودا خەباتییان کرد، خوێنییان دا و شەهید بوون، بۆ ئازادیی ئەمڕۆی ئێمە بوو.''
 
رۆژی شەممە 14-09-2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەدوای نمایشی شانۆگەریی 'داستانی کوردستان' لە هۆڵی کۆنفرانسی زانکۆی دهۆک گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند: ''شاکارێکی هونەریی زۆر گرنگ بوو و دەرخەری مێژوویەک لە خەبات، تێکۆشان و خوێندانی میللەتێک بوو.''
 
نێچیرڤان بارزانی گوتی: ''شانۆگەرییەکە گەلێک دەوڵەمەند بوو، چیرۆکی بەرخۆدان، بەردەوامی و کۆڵنەدانی میللەتێک بوو کە هەمووکات رژد بووە بگاتە ئەو ئامانجەی کە شەهید و خوێنی بۆی داوە.''
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەستخۆشی لە ئامادەکار، دەرهێنەر و رۆڵگێرانی شانۆگەریی 'داستانی کوردستان' کرد و گوتی: ''یەک ساڵ و حەوت مانگ کاریان لەسەر ئەم پڕۆژەیە کردووە، رۆژانە راهێنانیان کردووە و هەموو هەوڵیان ئەوە بووە کە لە ئاستێکی باشدا پێشکیشی بکەن، ئەمە کارێکی کەم نییە.''
 
شانۆگەرییەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە مامۆستا و خوێندکاران پێشکێشکرا. نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە کردەوە، پەیامی سەرەکیی شانۆکە بۆ گەنجان بووە، ''دەرخەری ئەوە بوو کە ئەوەی ئەمڕۆ هەمانە، بە ئاسانی مسۆگەر نەبووە، بەڵکو بەرخودانی میللەتێکە بۆ ئازادی و سەرفرازی، راستە کەموکورتیش هەن، بەڵام زۆر شتی باشیش کراوە، کە ئەمڕۆ بە زیاتر لە کاژێرێک لە شانۆگەرییەدا پیشاندرا.''
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هیوای خواست گەنجان پەیامی شانۆگەرییەکەیان پێگەیشتبێت ئەویش ئەوەیە کە ئەم ئەمانەتە لە داهاتوودا دەکەوێتە ئەستۆی ئەوان، ئەوانەی لە رابردوودا خەباتییان کرد، خوێنییان دا و شەهید بوون، بۆ ئازادیی ئەمڕۆی بوو، لە داهاتووشدا بەردەوامییەکەی لە ئەستۆی گەنجانە.
 
نێچیرڤان بارزانی گوتی: ''ئەمڕۆ هەر ماڵێکی کوردستان لە زاخۆوە تاوەکو خانەقین چیرۆکێکی لە دەربەدەری، ماڵوێرانی و شەهیدبوون هەیە، دروستکردنی شانۆ و فیلم رێگەیەکی زۆر گرنگە بۆ ئەوەی چیرۆکی میللەتی ئێمە بگەیێندرێتە جیهان، ئەمە رێگەیەکی دروستە.''
 
لە کۆتایی قسەکانیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە گرنگیی زیاتر بە شانۆگەری و دروستکردنی فیلم بدرێت، ''دوای ئەوەی شانۆگەریی داستانی کوردستانم لە دهۆک بینی، پێداگریی من بۆ پاڵپشتیی [دروستکردنی شانۆ و فیلم] زیاتر دەبێت."
 
رۆژی شەممە نێچیرڤان بارزانی بە سەردانێک گەیشتە دهۆک، جیا لە بەشداریکردن لە بینینی شانۆگەرییەکە، بڕیارە ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگاکەدا هەبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە