مەسرور بارزانی بۆ سوودانی: نابێت مووچەی فەرمانبەران تێکەڵی ململانێ سیاسییەکان بکرێت


رووداو دیجیتاڵ 

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی شاندێک لە بەغدایە، لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت: "جەختم لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و رێککەوتنەکان کردەوە."
 
لە راگەیێندراوی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، لەگەڵ قوباد تاڵەبانی و شاندی یاوەری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە، "دووپاتمکردەوە، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران تێکەڵی ململانێ سیاسییەکان نەکرێن، پێویستە بە زووترین کات ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چیدیکە بۆ وەرگرتنی مافەکانیان لە چاوەڕوانیدا نەبن."
 
مەسرور بارزانی دەشڵێت، "هەروەها بیری هەموولایەکمان خستەوە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووەو هەمان چاوەڕوانیمان لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ هەیە."
 
لە وەڵامدا، وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "سوودانیش ئامادەیی خۆی نیشاندایەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و یاساکان و جەختی لەوە کردەوە، کە بە هەموو لایەک هەوڵبدرێت بۆ دابینکردنی پشتیوانیی سیاسی لەپێناو دۆزینەوەی هەرچی زووتری چارەسەرە بۆ گشت کێشەکان."
 
شاندەکەی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی دەکات و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، ئاوات شیخ جەناب، وەزیری دارایی، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەندامانی شاندەکەن.

هەر ئەمڕۆ لە بەغدا، شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، خەمیس خەنجەر، ئەیاد عەلاوی و حەیدەر عەبادی کۆبوونەتەوە. بڕیارە شاندەکە لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەی بەشێک لە لایەنەکانی دیکە کۆببنەوە. 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بە بڕوای ئێمە عێراق خاوەن سەرمایەیەکی گەورەی مرۆیی و سرووشتییە و بە رەخساندنی کەشێکی لەبار و بەڕێوەبردنێکی باش، هەموو عێراق بەرەو قۆناغێکی پێشکەوتووتر و گەشەسەندووتر هەنگاو دەنێت."