لە کرماشان لە دوو رووداوی هاتووچۆدا چوار کەس گیانیان لەدەستدا

14-09-2023
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە دوو رووداوی هاتووچۆدا لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان چوار کەس گیانیان لەدەستدا و پێنج کەسیش بریندار بوون.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ی ئەیلوولی 2023 مەسعود قەلعەسفیدی، بەڕێوەبەری بەشی فریاکەوتن و رووبەڕووبوونەوەی قەیران لە زانکۆی پزیشکیی کرماشان رایگەیاند، ئەمڕۆ لە رێگەی سەرەکیی جوانڕۆ - سەلاسی باوەجانی رووداوێکی سەختی هاتووچۆ روویدا؛ لە رووداوەکەدا دوو ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری پیژۆ پێکیاندادا.
 
بەهۆی سەختی رووداوەکەوە، هەر سێ ئۆتۆمبێلەکە گڕیان گرت و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە گەیشتنە شوێنی رووداوەکە.
 
مەسعود قەلعەسفیدی گوتی، دوای ئاگادارکردنەوەیان لە رووداوەکە، دەستبەجێ تیمەکانی فریاکەوتنیان بە دوو ئەمبوڵانس ناردە شوێنەکە، بەڵام لەبەر سەختیی رووداوەکە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکیش بریندار بوو و گواسترایەوە نەخۆشخانەی حەزرەتی رەسوولی شاری جوانڕۆ.
 
لە رووداوێکی دیکەدا، لە گوندی مەرزەلەی سەر بە قەزای سونقوریش دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت پێکیاندادا.
 
بەڕێوەبەری بەشی فریاکەوتن و رووبەڕووبوونەوەی قەیران لە زانکۆی پزیشکیی کرماشان رایگەیاند، لەو رووداوەشدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا و چوار کەسیش بریندار بوون، کە ئەوانیش بە ئەمبوڵانس گوازرانەوە نەخۆشخانەی خومەینی لە شاری سونقور.
 
رۆژی سێشەممە 12ی ئەیلوولی 2023ش، بەڕێوەبەری بەشی فریاکەوتن و رووبەڕووبوونەوەی قەیران لە زانکۆی پزیشکیی کرماشان رایگەیاند، لە رێگەی جانبازانی شاری کرماشان رووداوێکی سەختی هاتووچۆ روویدا؛ لە رووداوەکەدا ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر و دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت پێکیاندادا و لە ئەنجامدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا و پێنج کەسیش بریندار بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە