رووداو-هەولێر
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، کەسێکیان دەستگیرکردووە کە ساڵی 2019 لە دووکانێکی مۆبایل بە بەهای زیاتر لە پەنجا هەزار دۆلار مۆبایلی دزیوە. بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەو کەسە کارمەندی یەکێک لە دەزگا ئەمنییەکانی سنوورەکەیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 14-9-2022، عەلی جەمال قدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە رووداوی راگەیاند، رووداوی دزیکردنەکە ساڵی 2019 بووە. گوتیشی، تۆمەتبارەکە لەدایکبووی 1980یە.
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان باسی لەوە کرد کە بە گوتەی سکاڵاکار، ئەو دووکانی مۆبایلی هەیە و کەسێک چەندینجار چووەتە دووکانەکەی و بە بەهای زیاتر لە پەنجا هەزار دۆلار مۆبایلی لێ دزیوە. دوای ئاشکرابوونی، خاوەنی دووکانەکە لەگەڵی رێککەوتووە کە ئەگەر پارەکەی بۆ بگەڕێنێتەوە، سکاڵا ناکات، کەسەکەش رازیبووە.
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان باسی لەوە کرد، خاوەنی دووکانەکە سەردانی کردوون و سکاڵای لەسەر کەسەکە تۆمارکردووە و پێی گوتوون: ئەو کەسەی دزی لێکردووە، پابەندی رێککەوتنەکە نەبووە و تەنیا بڕە پارەیەکی بۆ گەڕاندووەتەوە، "بۆیە دەستگیرمان کرد و بەپێی ماددەی 446 بەندکراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ