زانکۆی پزیشکیی ئیلام: پێنج هەزار زیارەتکار نەخۆش کەوتوون


رووداو-هەولێر

بەپێی راپۆرتی زانکۆی زانستی پزیشکیی ئیلام، لە رۆژانی ئامادەکاریی بۆ چلەی ئیمام حوسێن، پێنج هەزار زیارەتکار بەهۆی نەخۆشییەوە سەردانی نەخۆشخانەکانی ئەو پارێزگەیەیان کردووە. 
 
محەممەد مورادی، جێگری سەرۆکی زانکۆی زانستیی پزیشکیی ئیلام بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 14-09-2022 گوتی، هەزار و 500 کەس لەو زیارەتکارە نەخۆشانە لە نەخۆشخانەی شاری ئیلام و ئەوانی دیکەش لە شاری مێران خەوێنراون.
 
بەگوتەی مورادی، ئەو کەسانە یان لە رووداوەکانی هاتووچۆدا بریندار بوون یان گەرمابردوونی.
 
ئەو زیارەتکارانە ویستوویانە لە دەروازەی سنووری مێهرانەوە بچن بۆ عێراق. بەگوتەی بەڕێوەبەری دەروازەی سنووری مێهران، تاوەکو ئێستا ملیۆنێک و 230 هەزار کەس لەو درەوازە سنوورییەوە چوونە نێو عێراق.
 
وەحید ئەحمەدی، وەزیری ناوخۆی ئێران باسی لەوە کرد، تاوەکو ئێستا بەگشتی سێ ملیۆن کەس لە ئێرانەوە چوون بۆ زیارەت. گوتیشی، بەشێک لەو زیارەتکارانە بەبێ پاسپۆرتی فەرمی و تەنیا بە بەڵگەیەک سەردانی عێراقیان کردووە.
 
عەلی زۆلقەدر، سەرۆکی پۆلیسی کۆچ و پاسپۆرتی ئێرانیش رایگەیاند، ئەو بەڵگە کاتییانەی بە زیارەتکاران دەدرا تاوەکو چوار رۆژی دیکە دەتوانرێت بەکاربهێندرێن.