ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە فەرمی رادەگەیێندرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
قایمقامی قەزای سۆران راگەیاند بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێورەسمی راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەڕێوەدەچێت
 
هەڵگورد شێخ نەجیب، قایمقامی قەزای سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ کاژێر 10:00 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێوڕەسمی راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەڕێوەدەچێت و سەرۆکی حکومەت، سەرۆکی یەکەی ئیداری رادەگەیێنێت".
 
سەبارەت بە هەنگاوەکانی بە ئیدارەکردنی سۆران، هەڵگورد شێخ نەجیب گوتی: "ئامادەکارییەکانمان دەستپێکردووە بۆ بەستنەوەی فەرمانگەکان بە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان. تائێستا بڕیار لەسەر کردنەوەی چوار بەڕێوەبەرایەتیی گشتی دراوە، کە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ، پەروەردە، تەندروستی و شارەوانییەکانن".
 
قائیمقامی سۆران گوتیشی گوژمەیەک لە لایەن حکومەتەوە تەرخانکراوە بۆ بە ئیدارەکردنی سۆران، کە ئەمڕۆ لە مەراسیمەکەدا سەرۆکی حکومەت رایدەگەیێنێت.
 
پێشتریش  قایمقامی سۆران بە رووداوی راگەیاندبوو: "بە ئیدارەکردنی سۆران بە پلەی یەکەم سوودی بۆ خەڵکی سۆران و دەوروبەری هەیە. یەکە ئیدارییەکانیش زۆر سوودمەند دەبن و راستەوخۆ پەیوەندی بە وەزارەتەکان و شوێنەکانی بڕیارەوە دەکەن. هەروەها هەولێریش لەو رووەوە سوودمەند دەبێت کە گوشاری لەسەر کەمدەبێتەوە. لە قەزای سۆران نزیکەی 52 بەڕێوەبەراتەی و فەرمانگە هەن. ئێمە بەهۆی ئەم بڕیارەوە لە هەبوونی دەسەڵاتەکان سوودمەند دەبین و بۆ زۆر لە بڕیارەکان بۆ هەولێر ناگەڕێینەوە، کە لەوێ بەهۆی قەرەباڵخییەوە زوو کارەکانمان بۆ نەدەکرا."
 
دوایین هەنگاوی بە ئیدارەکردنی سۆران لە چەند رۆژی رابردوو بوو، کە بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سۆران لە بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری هەولێر جیا کرایەوە و کرایە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری سۆران.
 
قەزای سۆران سێ‌ ناحیە (دیانا، خەلیفان و سیدەكان) و  36 گەڕەك و 346 گوند لەخۆدەگرێت.