جووتیاران: مانگێکە گەنممان رادەستکردووە و حکومەتی عێراق پارەی بۆ نەناردووین

14-08-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نزیکەی مانگێکە حکومەتی عێراق هیچ بڕە پارەیەکی وەک پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان نەناردووە. بەڕێوەبەری دانەوێڵەی سلێمانی دەڵێت، داوای لیستی ناوی جووتیاران و بڕی پارەکەیان لێکردوون و رادەستیان کردوون. وەزارەتی کشتوکاڵیش دەڵێت، خەرجکردنی پارەی گەنمی جووتیاران بە یاسا جێگیرکراوە.
 
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بایی زیاتر لە 590 ملیار دینار گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرتووە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ کەمتر لە 80 ملیار دینار لەو پارەیەی بۆ جووتیاران ناردووە.
 
محەممەد خالید، جووتیاری سنووری پارێزگای هەولێرە و ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە 26ی مانگی شەشەوە 52 تۆن گەنمم لە سایلۆی قوشتەپە رادەستکردووە و تاوەکو ئەمڕۆ هیچ بڕە پارەیەکم وەرنەگرتووە و دیاریش نییە کەی پارەمان پێدەدرێت."
 
ئەو جووتیارە کە نزیکەی 45 ملیۆن دینار پارەی گەنمی لای حکومەتی عیراقە ئاماژەی بەوەشکرد، "هەموو ساڵێک بەناوی بنەتۆ و دەرمانیشەوە بۆ هەر تۆنێک 25 هەزار دینارمان لێدەبڕن، بەڵام نە بنەتۆومان پێدەدەن و نە دەرمان، لەکاتێکدا لە ئەستۆی حکومەتی عێراقە چۆن بۆ پارێزگاکانی دیکەیان دابیندەکات بۆ هەرێمی کوردستانیشی بنێرێت."
 
نەسرین ئەحمەد عەلی، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 31 ملیار دینار پارەی گەنممان دابەشکردووە لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە؛ نزیکەی 198 ملیار پارەی گەنمی جووتیارانیش ماوە."
 
نەسرین ئەحمەد گوتی، ئەوان تاوەکو ئەمڕۆ هۆکاری نەناردنی پارەی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان نازانن و تەنیا داوایان لێکراوە لیستی ناوی جووتیاران و بڕی پارەی ماوە بنێرن بۆ بەغدا و ئەوانیش ناردوویانە.
 
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق 685 هەزار و 974 تۆن و 940 کیلۆگرام گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت؛ هەر تۆنێک 850 هەزار دینار و کۆی پارەکە نزیکەی 590 ملیار دینارە.
 
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پارەی جووتیاران لە داهاتوودا دەنێردرێت، چونکە بەگوێرەی یاسای بودجەی عێراق، پارە بۆ گەنمی هەموو جووتیارانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش تەرخانکراوە.
 
تاوەکو 20ـی مانگی تەمموز، لە کۆی پارەی تەرخانکراو بۆ گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەمتر لە 80 ملیار دینار نێردراوە و بەگوێرەی پارێزگاکان بەم شێوەیە بووە:
 
- سلێمانی و هەڵەبجە؛ 31 ملیار دینار 
- هەولێر؛ 17 ملیار دینار
- دهۆک؛ 29 ملیار و 500 ملیۆن دینار
 
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بڕیاریدا 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت و وەرگرتنەکە لە 6ـی حوزەیران دەستیپێکرد.
 
پار 500 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەرگیرا. ساڵی 2022ـش بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، کە زیاتر لە 300 هەزار تۆن بوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی ورمێ.

پلاندانانی ورمێ: بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان پێویستمان بە 262 ملیۆن دۆلارە

سەرۆکی رێکخراوی بەڕێوەبردن و پلاندانانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی پارێزگاکە کە بەشی زۆریان راگیراون، پێویستیان بە زیاتر لە 262 ملیۆن دۆلارە.