لە هەرێمی کوردستان مارمێلکەی ئێگوانا و کامێلیۆن وەک ئاژەڵی ماڵی بەخێودەکرێن

رووداو دیجیتاڵ 

سەرهەنگ عومەر فرۆشیاری ئاژەڵە و دوو ساڵە مارمێلکەی جۆری ئیگوانا وەکو ئاژەڵی ماڵی بەخێودەکات.
 
مارمێلکەی ئیگوانا درێژییەکەی نزیکەی مەترێکە و نرخەکەی 550 دۆلارە، دەبێت لە ژینگەیەک دا بێت کە پلەی گەرمیی نزیکەی 37ـی سیلیزی بێت و، رووناکیی دەستکردی بۆ دابین بکرێت، تاوەکو لە مانگێکدا دوو جار کاژەکەی فڕێبدات.
 
سەرهەنگ عومەر، خاوەنی پێشانگەیەکی فرۆشتنی ئاژەڵی ماڵییە لە هەولێر و دەڵێ "دەتوانم بڵێم هیچ سەخت نییە بەخێوکردنی. ئاژەڵێکی زۆر فەقیرە. هیچ کێشەیەکی نییە، تەنها ئەو کەشەی دەوێت کە بۆی بگونجێنی؛ ئەویش پێویستی بە حەوزێکە و کەشێکی گەرم کە ژێرەوەی وردە دار یان خۆڵ بێت. کەشێکی بیابانی بێت."
 
ئەوەی جێی سەرنجە؛ ئیگوانا لە رێگەی کونیلەکانی جەستەی ئاو دەخواتەوە و رۆژانە بە بەردەوامی کولەکە و گێزەری پێدەدرێت.
 
سەرهەنگ ئیگوانا بە هەموو کڕیارەکانی دەناسێنیت بۆ ئەوەی هاوشێوەی هەر ئاژەڵێکی دیکەی ماڵی، لەلای هەمووان خۆشەویست بێت.
 
یەکێکی دیکە لە خوازیارانی مارمێلکە؛ عومەر سەباحە کە پێنج ساڵە خاوەنی مارمێلکەیە و 8 مانگە دوو کامێلیۆنی تایلەندی بەخێودەکات.
 
نرخی هەریەک لە کامێلیۆنەکان نزیکەی 250 دۆلارە و نزیکەی حەوت ساڵ دەژین.
 
یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی کامێلیۆن چاوەکانییەتی؛ بە 360 پلە دەوروبەری دەبینێت.
 
عومەر سەباح دەڵێ "کە (کامێلیۆنەکانم) هێنان زۆر بچووک بوون و هەردووکیان یەک قەبارەیان هەبوو. نازانم هۆکارەکەی چییە بەڵام یەکێکیان گەورە بوو و ئەوەی دیکەش هەر بە بچووکی مایەوە."
 
سەبارەت بە بەخێوکردنی ئەو جۆرە مارمێلکانە، عومەر سەباح گوتی "زۆر ئاسانە. پێویستیان بە قەفەس و شێداریێکی دارستانییە. پێویستی بە ژینگەیەکی سەوزاییە و خواردنەکانی مێروو بە هەموو جۆرەکانییەوە، لەگەڵ کرم کە لێرە بەردەستن باشترینن بۆی."
 
زمانی ئەو گیاندارانە نزیکەی 25 سانتیمەتر دەبێت، کە دەکاتە دوو ئەوەندەی درێژیی خۆیان.
 
گۆڕانی رەنگیشیان بەپێچەوانەی ئەوەی باوە بۆ خۆپاراستن نییە، بەڵکو بەپێی رووناکی، پلەی گەرمی و باری دەروونیان دەگۆڕێت.