رووداو دیجیتاڵ
لە هەر شارێکی هەرێمی کوردستان، لە زۆربەی رێستۆرانت، کافێ و شوێنە گشتییەکان کاتێک کەسێک دادەنیشێت، یەکەم شت دەبەیەکی پلاستیکیی ئاو لەبەردەمی دادەنرێت، ئەمە بووەتە دیاردە و بەشێکە لە هۆکارەکانی زیادبوونی پاشماوەی پلاستیکی.
پاشماوەی بوتڵی پلاستیکیی ئاو لە هەموو شوێنێکی هەرێمی کوردستان دەبینرێت، تەنانەت لە دوورترین شوێنی لووتکە چیاکانیشدا.
هەرچەندە لە زۆربەی شوێنە گشتییەکان رۆژانە کارمەندانی ژینگەپارێز خەریکی پاککردنەوە و لابردنی پاشماوەن، ئەو پاشماوانەی لە وەرزی هاویندا زۆربەی هەرە زۆریان بوتڵی پلاستیکە، بەڵام پاشماوەکان هەر دەبینرێن.
بەشێکی مارکێتەکان پاببەند نین بە مەرج و رێنماییە تەندروستییەکان
هەڵگرتن و گواستنەوەی نادروستی بوتڵی ئاوی خواردنەوە لە بازاڕ و مارکێتەکاندا کاریگەریی بەسەر ئاوی نێو بوتڵەکەوە هەیە، چەندین توێژینەوە ئاماژە بەوە دەکەن رەنگە ماددە پلاستیکییەکە بڕژێتە نێو ئاوەکە و ببێتە هۆی ژەهراویبوونی.
هەر بەپێی توێژینەوە زانستییەکان ئەگەر پلەی گەرمیی دەبەی پلاستیکیی ئاو بگاتە سەرووی 25 پلەی سیلیزی، ئاوەکەی نێوی بەکەڵکی خواردنەوە نایەت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان کە لە وەرزی هاویندا بە بەردەوامی پلەی گەرما لە سەرووی 40 پلەی سیلیزییە، لە هەندێک مارکێت، فرۆشگە و دەستگێڕەکانیش، دەبە پلاستیکییەکان بەردەوام لەبەر خۆرەتاون.
دکتۆر رێزان رەشید، پسپۆڕی لەبواری ژینگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بەگشتی بەکارهێنانی پلاستیک باش نییە بەتایبەتی ئەو پلاستیکانەی لەسەریان نەنووسراوە چ جۆرێکن، کە ناتوانرێت ریسایکلیش بکرێنەوە، بۆیە باشترین شت ئەوەیە بەکار نەهێندرێت."
یەکێک لە دیاردەکانی دکتۆر رێزان باسی دەکات و سەرسوڕمانیی خۆی لەبارەیەوە نیشاندەدات ئەوەیە؛ زۆرجار کۆنفرانس و کۆبوونەوە تایبەت بە ژینگە دەکرێ، کەچی مێزەکانیان پڕن لە بوتڵی پلاستیکی.
دکتۆر رێزان دەڵێ "ئەمە، کێشەیەکی زۆر گەورەیە لەڕووی تەندروستییەوە، کارەساتیشە بۆ ژینگە چونکە پلاستیک سەدان ساڵی دەوێت بۆ شیبوونەوە، ئەگەر لە ئێستاشەوە رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەکەین، لە داهاتوودا کێشەی گەورە تووشی ژینگەی کوردستان دەبێت."
جگە لە رێستۆرانت و شوێنە گشتییەکان، ئێستا "وەک ئەتەکێت" لە ماڵانیش لەکاتی میوانداریکردن ئاو لە دەبەی پلاستیک دادەنرێت، کە ئەمە هێندەی دیکە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ژینگە دروست دەکات.
''ئەو مادە پلاستیکە، خەریکە ژینگەکەمان تێکدەدات و بە خێراییەکی ترسناک زیان بە ئاژەڵ و مرۆڤ دەگەیەنێت''. دکتۆر رێزان وا دەڵێت، هەروەها گوتی "نابێت چی دیکە تەنیا بیر لە لایەنە ئابوورییەکەی بکەینەوە، دەبێت ئیدی رەچاوی پارستنی ژینگە بکەین و لە فەرمانگە، مۆڵ، کافێ، رێستۆرانت و ماڵانیش بیر لە بژاردەی دیکە بکەینەوە لە جێگەی بوتڵی پلاستیکی."
دەستەی گەشتوگوزار: هانی شوێنە گەشتیارییەکانمان داوە کەرەستەی دۆستی ژینگە بەکاربهێنن
هەرچەندە دەستەی گشتیی گەشتوگوزار کە سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستانە، دەڵێ "هانی شوێنە گەشتیارییەکانمان داوە کەرەستەی دۆستی ژینگە بەکاربهێنن." بەڵام ئەمە لە شوێنە گەشتیارییەکان رەنگی نەداوەتەوە.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت دەستەکەیان هانی هەموو شوێنە گەشتیاریەکانی داوە ''ئەو کەرەستانە بەکاربهێنن کە دۆستی ژینگەن، لە پرۆژە گەشتیارییەکانیشدا کە دروست دەکرێن ئەو رێنماییانە دەدەین کە ژینگەپارێزبن، لە داهاتووش رێنمانیی زیاتر دەردەکەین."
بەپێی رێنماییەکانی دەستەکە، رێستۆرانت و کافێکان نابێت بە هیچ شێوەیەک دەبەی پلاستیک یاخود ئاو بە زۆرەملێ بدەنە کڕیارەکان، هەر کەسێکیش ئەمە بکات رێکاری یاسایی لەدژی دەگیرێتەبەر.
ئیبراهیم عەبدولمەجید دان بەوەدا دەنێت، "بۆ زۆر بابەتی ژینگەیی، ئێمە هێشتا لە هەنگاوە سەرەتاییەکانداین و، پێویستیمان بە کۆمەڵێک رێنمایی تایبەت هەیە کە شوێنە گەشتیارییەکان پابەند بە رێنمایە ژینگەیەکان بکەین."
چۆنییەتی نەک تەنیا کەمکردنەوە، بەڵکو بنبڕکردنی بەکارهێنانی پلاستیک لە شوێنە گەشتیارییەکان، بە گوتەی گوتەبێژەکەی دەستەی گەشتیاری، یەکێک دەبێت لە پلانەکانیان.
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، لە هەرێمی کوردستان زیاتر 7 جۆری پلاستیک بەکاردەهێنرێن.
پلاستیک کاتێکی زۆری دەوێت تاوەکو لەنێو سرووشتدا شیدەبێتەوە، هێشتا لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەو بابەتە بەردەوامن، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی
سندووقی نێودەوڵەتیی پارەدارکردن بۆ سرووشت (WWF)، کە رێکخراوێکی نێودەوڵەتیی ناحکومیی سوویسرییە و کار لەسەر کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی مرۆڤ لەسەر سرووشت دەکات، دەڵێ ئەو بوتڵە پلاستیکییانەی ئاو کە یەکجار بەکاردەهێنرێن، زیاتر لە 450 ساڵیان پێویستە تاوەکو لە سرووشتدا شیببنەوە، بابەتی دیکەی پلاستیکی وەکو فڵچەی ددان یان کوپی پلاستیکیی شەربەت و قاوەش زیاتر لە 500 ساڵیان پێویستە.
خاوەنی چێشتخانەیەک: دەکرێت بە دوو رێگە پاشماوەی دەبەی پلاستیک کەمبکەینەوە
سروود خەسرۆ، خاوەن چێشتخانەیەکە لە هەولێر، ئەو شەقامەی شەو و رۆژ جمەی دێت لە خەڵک و لە هەردوولای شەقامەکە رێستۆرانت و کافێیە، دەڵێ "پێمان خۆش نییە ئەو هەموو ئاو و پاشماوەیە فڕێ بدەین."
سروود باس لەوە دەکات، زۆربەی کڕیارەکان دوای خواردنەوەی یەک یان دوو قووم ئاو، دەبە پلاستیکییەکە بە ئاوەوە فڕێدەدەن، دەڵێ "بەداخەوە، خەڵک وا راهێنراون فێربوون."
ئەو، کە 20 ساڵە سەروکاری لەگەڵ بەڕێوەبردنی چێشتخانەیە و بە گوتەی خۆی یەکێکە لە خەمخۆرانی ژینگە، دەڵێ "دەکرێت لەو بوارەی ئێمەدا بە دوو شێواز رێگری زۆریی بەکارهێنانی دەبەی پلاستیک بگیرێت ئەویش لە هۆتێل و کافێ و رێستۆرانتەکاندا ئامێری گەنبڕ (تەعقیم) دابنرێت، کە بەهۆی گەرمییەکی زۆرەوە شووشە پاکدەکاتەوە بەمەش خەڵک دەتوانن لەبری پلاستیک لە شووشەدا ئاوی پاک بخۆنەوە."
دووەمیشیان، کەمێک گرانتر لەسەر کڕیار دەکەوێت بەڵام بژاردەیەکی باش دەبێت بۆ ژینگە، ئەویش "بەکارهێنانی شووشەی ئاوە، کە بەهۆی ئەوەی نرخەکەی گرانترە، خەڵک پابەند دەبن بەوەی کەمتر ئاو بەفیڕۆ بدەن و کەمتریش دەبەی پلاستیک بەکاربێنن."
د. كارزان عەلی، پسپۆڕی تەندروستیی ژینگە لە بەرنامەی لەگەڵ رەنجی تۆڕی میدیای رووداو گوتی "بەپێی توێژینەوەیەک، رۆژانە هەر تاکێکی هەرێمی کوردستان پێنج گرام پلاستیک دەخوات، کە ئەمەش دوو کاریگەریی زۆر گەورە لەسەر جەستەمان دادەنێت، یەکەمیان تووشبوون بە شێرپەنجە، دووەمیش تێکچوونی هۆرمۆنەکان، لەبەر ئەوەی 15 مادەی کیمیایی تێدایە کە سەر لە هۆرمۆنەکانی لەشی مرۆڤ تێکدەدەن."
ئەو پسپۆڕەی بواری تەندروستیی ژینگە روونی دەکاتەوە؛ "ئەو 15 مادەیە کە دەچنە لەشی پیاوێکەوە، رێ لە گەیێنەری هۆرمۆنەکانی دەگرن و هەندێکجار وەکو ئێسترۆجینی ژنانە کار دەکەن، بۆیە پاش ماوەیەک دەبینی پیاوەکە هەستی ژنانەی تێدا دروستدەبێت و دەڵێت، ژنێک لەنێو مندا هەیە."
د. کارزان عەلی هەروەها دەڵی "سێ هەزار جۆری مادەی ژەهراوی لە پلاستیکدا دەستنیشان کراون کە مەترسیدارن و نابێ بەکاربهێنرێن، بۆ رێگری لەم مادانەش دەبێت بەرهەمهێنانی پلاستیک بە جۆرێکی وەها زانستییانە بێت، کە ئەو مادە ژەهراوییانەی کەمتر لێ جیاببێتەوە. بەڵام لە هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵی جۆری لە بابەتە پلاستیکییەکاندا زۆر لاوازە."
27٪ـی زبڵ و خاشاک لە هەولێر پاشماوەی پلاستیکییە
بەپێی ئاماری فەرمی کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون تەنها لە پارێزگای هەولێر رۆژانە زیاتر لە 2100 تۆن زبڵ و خاشاک لە سنووری پارێزگای هەولێر کۆدەکرێتەوە، کە 27٪ـی پاشماوە پلاستیکییەکانن.
ئامارەکان نیشانی دەدەن لە ساڵێکدا زیاتر لە 204 هەزار تۆن پاشماوەی پلاستیکی لە هەولێر فڕێدەدرێت؛ زۆربەی هەرە زۆریشی دەبەی پلاستیکیی ئاو و کوپی سەفەرییە.
بەپێی ئەو ئامارانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، لە هەرێمی کوردستان رۆژانە زیاتر لە شەش هەزار و 500 تۆن زبڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە کە زیاتر لە هەزار و 500 تۆنی پاشماوەی پلاستیکییە و بەشی زۆری ئەمەش دەبەی ئاوی پلاستیکییە.
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی 32 گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیا ناوخۆییەكان خاشاك لە ماڵان كۆدەكرێتەوە. پرۆسەکە ساڵانە 9 ملیار و 666 ملیۆن دینار خەرجییەتی کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت.
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان زۆرترین پاشماوەی پلاستیکی بەراورد بە رێژەی زبڵ و خاشاک، لە سۆران فرێدەدرێت.
فڕێدانی زبڵ و پاشماوە و رێژەی پلاستیک تێیدا لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان:
- پارێزگای هەولێر رۆژانە زیاتر لە 2100 تۆن زبڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە 27٪ـی پاشماوە پلاستیکییەکانن.
- پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 1200 تۆن زبڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە 16٪ـی پاشماوەی پلاستیکییەکانن.
- پارێزگای دهۆک زیاتر لە 850 تۆن زبڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە 16٪ـی پاشماوەی پلاستیکییەکانن.
- پارێزگای هەڵەبجە زیاتر لە 100 تۆن زبڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە 14٪ پاشماوەی پلاستیکییەکانن.
- ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زیاتر لە 400 تۆن زبڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە 32٪ـی پاشماوەی پلاستیکییەکانن.
- ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان زیاتر لە 450 تۆن زبڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە 10٪ـی پاشماوەی پلاستیکییەکانن.
- ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین زیاتر لە 300 تۆن زبڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە10٪ـی پاشماوەی پلاستیکییەکانن.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 30 کۆمپانیای تایبەت بە بەرهەمهێنانی ئاو هەن، کە لەڕێگەی دەبەی پلاستیکییەوە دەیانفرۆشن، ئەمانەش جگە لە هاوردەکردنی ئاو لە دەبەی پلاستیکی لە دەرەوە، تەنیا یەک کۆمپانیاش لەو 30 کۆمپانیایە رۆژانە زیاتر لە 10 ملیۆن دەبەی پلاستیکی ئاو بەرهەمدەهێنێت، کە سەرجەمی کەرەستە خاوەکەی لە دەرەوە هاوردە دەکرێت. ئەو ئاوە زیادەیەش کە لە هەرێمی کوردستانەوە بەرهەمدێت، هەناردەی عێراق دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ