پەخشی نێوخۆیی سێ کەناڵ رادەگیرێت
رووداو دیجیتاڵ
پەخشی نێوخۆیی سێ کەناڵ لە ئامێرەکانی پەخشکردنی نێوخۆیی رادەگیرێت، دووانیان کەناڵی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کەناڵێکیشیان سەر بە کۆمپانیای نالیایە.
عەبدولکەریم ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی کەناڵی سپێدە، کەناڵی ئاسمانیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەو بڕیارەی دراوە بەپێی رێنماییەکانە نەوەک یاسا، دەبێت ئێمە جگە لەوەی پارەی کەناڵی ئاسمانی دەدەین، لەنێوخۆش پارە بدەین کە ئەمە پێشێلکارییە."
بەڕێوەبەری گشتی کەناڵی سپێدە گوتی: "ئێمە لەلایەن دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراقەوە مۆڵەتپێدراوین، پێش پێنج ساڵە داواکاریی مۆڵەتمان لە هەرێمی کوردستان پێشکێش کردووە و رێکارەکان گەیشتنە وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایش، ئەو کات گوتیان ساڵانە دەبێت 44 ملیۆن دینار بدەن."
بەڕێوەبەری گشتی کەناڵەکە رەخنە لە وەزارەتی رۆشنبیری دەگرێت و دەڵێت راگرتنی پەخشی کەناڵەکانی ئەوان کە هەردوو کەناڵی سپێدە و سپێدە درامایە، بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بووە، جگە لەوەش راگرتنەکە بە "سیاسی" دەزانێت نەوەک یاسایی و دەڵێت "بڕیاری راگرتنەکە بە پاساوی نەبوونی مۆڵەت دراوە، بەڵام به‌شێكه له هه‌ڵمه‌تی گوشار دژی دەزگاکانی راگەیاندن."
کەناڵی سپێدە، راگەیێندراوێکی لەسەر راگرتنەکە بڵاوکردەوە و دەڵێت، ماوه‌ی 15 ساڵه په‌خشی به‌رده‌وامه و مۆڵه‌تی له ده‌سته‌ی راگه‌یاندن و گه‌یاندنی عێراق هه‌یه، مۆڵه‌تی له هه‌رێمیشدا پێشكێشكردووه، دەشڵێت "وه‌زاره‌تی رۆشنبیری له‌بری كاركردن بۆ فراوانكردنی ئازادییه‌كان به بریارێك كۆمپانیاكانی په‌خشی لۆكاڵی ناچار ده‌كات به راگرتنی په‌خشی كه‌ناڵی ئاسمانیی سپێده و سپێده دراما، به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌م جۆره گوشارانه‌ی حكومه‌ت ناتوانن رێگربن له‌به‌رده‌م گه‌یاندنی په‌یامی سپێده و به گوڕوتینێكی زیاتر و جیاواز به شێوازی سه‌رده‌م و سوودبینین له ته‌كنۆلۆژیا، به‌رده‌وام ده‌بین."
ئەمڕۆ پەخشی کەناڵەکانی سپێدە، سپێدەدراما، کەناڵی ئێن ئاڕتی 4ـی سەر بە کۆمپانیای نالیا، لە هەولێر لە ئامێرە نێوخۆییەکاندا پەخشیان نەمان.
وەزارەتی رۆشنبیری لەبارەی ئەو بابەتەوە، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە "ئەو كەناڵانەی مۆڵەتی كاركردنیان نییە، كۆمپانیاكانی پەخشی كەناڵە نێوخۆییەكان، پەخشیان راگرتوون، تاوەکو ئەو كاتەی مۆڵەت وەردەگرن، یان مۆڵەتەكانیان نوێ دەكەنەوە."
وەزارەتی رۆشنبیری هەروەها دەڵێت "بۆ ئاگاداری و زانینی گشت لایه‌ك، بۆ په‌خشكردنه‌وه‌ی كه‌ناڵه ناوخۆییه‌كان، له دابینكردنی خزمه‌تگوزاریی فریكوێنسی، وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان مۆڵه‌تی كاركردنی به چه‌ند كۆمپانیایه‌ك داوه، وه‌كو وه‌زاره‌ت داوامان له كۆمپانیاكانی بواری په‌خشكردن كردووه، نابێ هیچ كه‌ناڵێكی نێوخۆیی به‌بێ مۆڵه‌ت په‌خش بكات."