لە سنووری دهۆک چوار خوشک و برا دەست و قاچیان لە جوڵە کەوتووە و پێویستییان بە هاوکارییە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
عەدنان رەشید
بەرنامەی بەرپرسیار تایبەت بە ژیانی ئەو خێزانە
بەرنامەی بەرپرسیار تایبەت بە ژیانی ئەو خێزانە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوو خوشک و دوو برا لە کەمپی دۆمیز جووڵەی دەست و قاچیان نییە و لە دۆخێکی سەختدا دەژین. بە گوتەی پزیشکێک، چارەسەریان لە سەنتەرێکی پێشکەوتوو لە ئەورووپا دەکرێ، بەڵام تێچووی چارەسەرەکە لە توانای ئەو خێزانە پەنابەرە بەدەرە.
 
رۆژین ئەحمەد، 31 ساڵ، مریەمی 29 ساڵ. مستەفای 28 ساڵ و نەبیل 27 ساڵ، هەرچواریان لە تەمەنی 10 ساڵییەوە جووڵەی دەست و قاچیان لەدەستداوە و لە ماڵ کەوتوون. پێشتریش دوو برایان لە تەمەنی 24 ساڵی و 22 ساڵی بەهۆی هەمان نەخۆشیی لاوازبوونی ماسوولکەوە گیانیان لەدەستداوە.
 
خێزانەکە خەڵکی دێرکی رۆژئاڤای کوردستانن، 11 ساڵە لە کەمپی دۆمیز لە سنووری دهۆک دەژین. دایک و باوکیان بەساڵاچوون، تەنیا یەک برایان هەیە خزمەتیان دەکات.
 
مریەم یەکێکە لەو چوار نەخۆشە، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی "زۆر حەزم لە قوتابخانەیە، لە پۆلی سێ نەخۆش کەوتم و وازمهێنا. دەمەوێ چاکببمەوە و بگەڕێمەوە قوتابخانە و خوێندن."
 
 
بە گوتەی پزیشک، نەخۆشیی ئەو چوار گەنجە بۆماوەییە و لە ماسوولکەکانیان دەدات و لە جووڵەیان دەخات. فەیرۆز محەممەد، دایکی نەخۆشەکان، لە بەرپرسیار، رەتیکردەوە هیچ یەکێک لە ماڵباتەکەیان پێشتر ئەو نەخۆشییەی هەبووبێت. گوتی "دوو کوڕی گەنجم بە هەمان نەخۆشی لەدەستداوە. داوای هاوکاری دەکەم و نامەوێ ئەو چوار منداڵەشم لەبەرچاوم گیان لەدەستبدەن."
 
 
دکتۆر عیسا محەممەد، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار، لە بەرپرسیار گوتی "نەخۆشییەکە لە خوێنی دایک و باوکیاندا هەیە و بۆ منداڵەکان گواستراوەتەوە."
 
 
وەک دکتۆر عیسا محەممەد باسیدەکات، چوار نەخۆشەکە جارێکی دیکە ناگەڕێنەوە سەر باری ئاسایی پێشوویان؛ بەڵام دەتوانرێ لە سەنتەرێکی پێشکەوتووی ئەورووپا دۆخیان باشتربێ و شێوازی ژیانیان دەگۆڕدرێت. "ئێستا مەترسیی زۆر لەسەر ژیانی هەرچواریان هەیە."  

 

محەممەد ئەحمەد، تەنیا کەسە لەو ماڵباتە، ساخە. رۆژانە خزمەتی خوشک و برا، دایک و باوکە بەساڵاچووەکەی دەکات. ئەو ماڵباتە چاوەڕێی دەستێکی هاوکاری و خێرن بۆ رزگاربوونیان لەم دۆخە سەختە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە