لە 33 ساڵدا 845 کەس بەهۆی هێرشەکانی تورکیا و ئێران لە هەرێمی کوردستان بوونەتە قوربانی

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەپێی ئاماری رێکخراوێکی ئەمریکی لەماوەی زیاتر لە 33 ساڵدا بەهۆی هێرشەکانی تورکیا و ئێرانەوە 845 کەسی سڤیل لە هەرێمی کوردستان بوونەتە قوربانی، کە 425ـیان گیانیان لەدەستداوە، زۆرترین قوربانییەکانیش بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە بووە.

845 قوربانی
 
رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT) کە بایەخ بە پێشێلکارییەکانی تورکیا و ئێران لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەدات و تۆماریان دەکات، لە نوێترین راپۆرتیدا بەناونیشانی "قوربانییانی مەدەنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دەوڵەتی تورکیا و ئێران لە باکووری عێراق"، ئاماری پێشێلکارییەکانی زیاتر لە 33 ساڵی بڵاوکردەوە.
 
راپۆرتەکە 39 لاپەڕەیە، لە دوو بەشی سەرەکی پێکدێت (ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئێران) و تەنیا قوربانییانی سڤیلی تۆمارکردووە، کە لە پێشێلکارییەکانی ئەو دوو وڵاتە بوونەتە قوربانی. 
 
رێکخراوەکە پێشێلکارییەکانی هەردوو وڵات لە کانوونی دووەمی ساڵی 1991 تاوەکو حوزەیرانی ساڵی 2024، واتە لە ماوەی 33 ساڵ و شەش مانگ تۆمار کردووە.
 
لە ناوەڕۆکی راپۆرتەکەدا هاتووە "بەهۆی ئۆپەراسیۆن و هێرشە سەربازییەکانی ئەو دوو وڵاتەوە لەو ماوەیەدا 845 هاونیشتمانی و هاووڵاتی کوژراون، یان بریندار بوون، کە 425 کەسیان کوژراون، 420 کەسیشیان برینداربوون، هەروەها 10 کارمەندی هێزە ئەمنییەکان کوژراون و پێنجیشیان بریندار بوون. هەشت سەربازی تورکیاش کە بە دیل گیرابوون، کوژراون."
 
کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی لە رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لەساڵی 1991ـەوە بەهۆی نەبوونی داتای پێویست، باردودۆخی سیاسیی، نەبوونی دامەزراوەی تایبەتمەند، حکومەت هیچ جۆرە قەرەبوو و هاوکارییەکی پێشکێشی خانەوادەی قوربانیان و هاونیشتمانییانی نەکردووە."
 
بەپێی رێکخراوەکە، کوژراوەکانی سڤیل بەهۆی هێرشەکانی ئەو دوو وڵاتەوە بەمشێوەیەیە بەپێی قەرەبووکردنەوەی کەسوکاریان ناسێندراون:
 
-187ـیان بە شەهید ناسێندراون
-174ـیان بە شەهیدی سڤیل نەناسێندراون
-31ـیان قوربانی بیانین کە شەهیدانە نایانگرێتەوە
-43ـیان بە شەهیدی سەنگەر ناسێندراون
 
بەپێی رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT)، تورکیا بەرپرسیارە لە 83٪ـی قوربانییانی مەدەنی، کە بەهۆی هێرشەکانییەوە 344 کەس کوژراون و 358 کەسیش برینداربوون. 39٪ـی قوربانییان لەنێوان ساڵانی 2018 تاوەکو 2024 بووە.
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە تورکیا لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2017ـەوە لە 360 کیلۆمەتر سنووری نێوان عێراق و تورکیا زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی"چنگ"ـی لەنێو هەرێمی کوردستان کردووە، بەهۆیانەوە 74 بنکە و بارەگای سەربازی لەنێو هەرێمی کوردستان دروستکردووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئاوارەبوونی دانیشتووانی 170 گوند، هەروەها مەترسیی چۆڵبوونی 602 گوندی دیکەش هەیە.
 
ئەوانەی بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە بوونەتە قوربانی 498ـیان نێر و 204ـیان مێ بوون، جگە لەوەی 508ـیان پێگەیشتوون، 194 منداڵ لەنێو قوربانیاندان، کە 79ـیان کوژراون و 115ـیشیان بریندار بوون. 
 
لە هێرشەکانی تورکیا ئەوانەی بوونەتە قوربانی، 648 کورد، 49 عەرەب، 4 تورک و یەکێکیان دانمارکییە.
 
جۆری هێرشەکانی تورکیا و ژمارەی قوربانیان: 
 
- هێرشی ئاسمانی:
 
484 قوربانی: 243 کوژراو، 241 بریندار، بەمشێوەیە بووە:
 
-333ـیان بەهۆی هێرشی فڕۆکەی جەنگی
-132ـیان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان
-18ـیان بە ئەگەری چەکی کیمیایی
-1 بەرکەوتنی پارچەی تێکشکاوی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان
-2 هێرشی هێلیکۆپتەر
 
- هێرشی زەوینی:
 
216 قوربانی، 101 کوژراو 115 بریندار، کە بەمشێوەیە بووە:
 
-104 بەهۆی تۆپبارانەوە.
-52 بەهۆی تەقەی سەربازانی تورکیا
-30 تەقەلێکردن یان فڕێدانە خوارەوە لە هێلیکۆپتەر
-28 بەهۆی تەقینەوە
-21 تەقینەوەی مین
-5 دەستلێدانی بۆمب و ناپاڵمی نەتەقیو
-2 بەهۆی تی ئێن تی
-2 بەهۆی رفاندنەوە
 
رێکخراوەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە تورکیا بە ئەنقەست ژمارەیەک لە شوێنەکانی مەدەنی دەکاتە ئامانج لەوانە کەمپی پەنابەران، کردنە ئامانجی سڤیل و گەریلاکانی پەکەکە بەیەکەوە، شوێنە گەشتیارییەکان، فێستیڤاڵ و سووتاندنی زەویی کشتوکاڵی و فڕێدانە خوارەوە لە هەلیکۆپتەر. 
 
قوربانیانی هێرشەکانی تورکیا ناوچەکان:
 
- پارێزگای دهۆک(44٪):
306 قوربانی (151 کوژراو، 155 بریندار)
 
- پارێزگای هەولێر (34٪):
242 قوربانی (129 کوژراو، 113 بریندار)
 
- پارێزگای سلێمانی (16٪):
114 قوربانی (51 کوژراو، 63 بریندار)
 
-نەینەوا (6٪):
40 قوربانی (13 کوژراو، 27 بریندار)
 
قوربانیانی هێرشەکانی ئێران
 
رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT)، لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت لەماوەی نێوان کانوونی یەکەمی ساڵی 1991ـەوە بۆ حوزەیرانی ساڵی 2024، بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە 143 کەس بوونەتە قوربانی (81 کوژراو و 62 بریندار).
 
بەپێی رێکخراوەکە بەتەنیا بەهۆی تۆپبارانەکانی ئەو وڵاتەوە، 63 کەس کوژراون و 48ـی دیکە برینداربوون، جگە لەوە لەساڵی 2013ەوە تاوەکو ئێستا ئێران 151 بنکە و بارەگای سەربازیی لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان دروستکردووە. 54%ـی هێرشەکانی ئێران قوربانیانی مەدەنی بوون.
 
ئەوانەی بەهۆی هێرشەکانی ئێران بوونەتە قوربانی، 98 نێر و 45 مێن، 44ـیشیان منداڵ و 99ـیان پێگەیشتوون.
 
46%ـی ئەو هاونیشتمانی و هاووڵاتیانەی بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانەوە گیانیانلەدەستداوە بە شەهید هەژمار نەکراون.
 
جگە لەوە 155 بریندار لە کۆی 420 بریندار پێویستیان بە یارمەتی پزیشکی زیاتر هەیە بۆ چارەسەرکردنی برینەکانی جەستەیان.
 
قوربانیانی سڤیل بەپێی هێرشەکانی ئێران:
 
-111 بەهۆی تۆپبارانەوە
-19 بەهۆی تەقەکردن لە بارەگاکان
-10 بەهۆی درۆنەوە
-3 بەهۆی تەقینەوە
-3 بەهۆی تەقینەوەی مین
 
هێرشەکانی ئێران بەپێی شوێنەکان:
 
- پارێزگای سلێمانی (71٪):
102 قوربانی (63 کوژراو، 40 بریندار)
 
- پارێزگای هەولێر (28٪):
41 قوربانی (19 کوژراو، 22 بریندار)
 
لەسەر ئاستی قەزاکانیشدا قەزای پشدەر لە پارێزگای سلێمانی زۆرترینی هێرشەکانی بەرکەوتووە، کە 96 قوربانیی هەبووە (59 کوژراو و 37 بریندار)، ئەمەش رێژەی 67٪ـی قوربانییان پێکدەهێنێت.
 
رێکخراوەکە لە کۆتاییدا پێنج راسپاردەی بۆ حکومەتی عێراق هەیە، لەنێویاندا داوای دەکات قەرەبووی هاووڵاتییان بەبێ جیاکاری بکاتەوە و سەرەوەریی عێراق بپارێزێت و خزمەتگوزاری پێشکێشی ئەو قوربانییانە بکات کە پێویستیان پێیە.
 
بۆ هەرێمی کوردستان داوای جێبەجێکردنی یاسای ماف و ئیمتیازاتی خانەوادەی شەهیدان و قوربانییانی ئەنفال دەکات و قەرەبووی قوربانیان بکاتەوە و گیانی هاووڵاتیان بپارێزرێت.
 
بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش داوا دەکات وڵاتانی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) حکومەتی تورکیا بەرپرسیار بکەن لەو کوشتن و بریندارکردنەی هاونیشتمانیان و هاووڵاتیان، چونکە ئەوان چەک بەو وڵاتە دەدەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە