مریشکی مرداربوو لە لێواری رووباری چۆمان فڕێدەدرێ و خەڵکی هەراسان کردووە

50 خولەک له‌مه‌وپێش
ئەندام جەبار
.
.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەدرێژایی دوو کیلۆمەتر مریشکی مرداربوو لە لێواری رووباری گەورەی چۆمان - سۆران کەوتوون و کەڵەکە بوون. زیاتر لەوانەی لە لێوارەکە کەوتوون، ئاوی رووبار بردوونی. بۆنە پیسەکەشی هاونیشتمانییانی هەراسان کردووە.
 
رزگار فەتاح، موختاری گوندی زەروان ـە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە رووداوی گوت: "منداڵی ئێمە رۆژانە لەنێو ئەو رووبارە مەلەوانی دەکەن، پێیان راگەیاندم کە مریشکی زۆر فڕێدراونەتە ناو رووبار، زۆریان ئاو بردنی و ئێستاش زۆری لێ ماون، جگە لە مریشکەکان زبڵ و خاشاکی ماڵانیش لێرە فڕێدەدرێن، ساڵی رابردووش وەک ئێستا مریشک فڕێدرانە رووبارەکە و قایمقامم لێ ئاگادار کردەوە، بەڵام نازانم ئەوانەی ئەو کارە دەکەن بۆچی سزا نادرێن؟"
 
ئەو  شوێنەی مریشکەکانی لێ  فڕێدراون شوێنی مەلەوانی هاونیشتمانییانی ناوچەکەیە، لەخواری ئەو شوێنە، سەتان ماڵ و شوێنی گەشتیاری هەر لەو رووبارە ئاویان راکێشاوە.
 
سەنگەر ئەحمەد، هاونیشتیمانییەکە دانیشتووی ناوچەکەیە و دەڵێت: "بەتایبەتی گوندی زەروان و پیرسوانی نوێ هەموو ئاومان لەو رووبارە راکێشاوە، ئەوانەی ئەوکارە دەکەن بە شەوان مریشکەکان فڕێدەدەنە رووبار و دەرفەت لە شەو وەردەگرن."
 
مریشکەکان بە فەردە فڕێدراونەتە نێو رووبار و حکومەت لیژنەی بەدواداچوونی پێکهێناوە، هێندەی دەستیان پێبگات مریشکەکان لە رووبارەکە دووردەخەنەوە.
 
ئەحمەد قادر، قایمقامی رواندز بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای ئەوەی زانیارییمان پێگەیشت لەسەر پیسکردنی رووبار، تیمەکانمان چوونەتە ئەو شوێنە وە هەوڵیانداوە شوێنەکە پاک بکرێتەوە، کە ناو رووبار و شوێنی گشتییە، رێکاری دیکەش دەگرینەبەر بۆ دۆزینەوە و سزادانی ئەو کەسانەی ئەوکارەیان کردووە."
 
لە سنووری سۆران بە درێژایی 100 کیلۆمەتر رووبار هەیە، زیاتر لە 100 شوێنی ئەو رووبارانە بوونەتە شوێنی فڕێدانی زبڵ و خاشاک هەر ئەو رووبارانەشن بۆ ئاوی خواردنەوە، مەلەوانی، کشتوکاڵکردن و گەشتوگوزار سوودیان لێ دەبیندرێ.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە