رووداو - کەرکووک
دوای وەرگرتنی مەرسومی کۆماری و رێوڕەسمی سوێندخواردن، رێبوار تەها لە باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگا دەوامی کرد.
رێبوار تەها دوای رێوڕەسمی سوێندخواردنی، بووە یەکەمین پارێزگاری کورد کە پاش هێرشەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 پێی نایەوە ناو باڵەخانەی پارێزگای کەرکووک.
لە ساتی گەیشتنی بە باڵەخانەی پارێزگا، بەبێ بەشداریی 10 ئەندامەکەی پارتی، لایەنە عەرەبییەکان و بەرەی تورکمانی، ئەندامانی ئەنجوومەن و پەرلەمان لە فراکسیۆنی یەکێتی و غەریب عەسکەر، پەرلەمانتاری تورکمانی شیعە هاوڕێیەتیی رێبوار تەهایان دەکرد.
رێبوار تەها لە یەکەمین واژۆیدا وەکو پارێزگار؛ راکان جبووری، پارێزگاری بە وەکالەتی خانەنشین کرد.
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک رایگەیاند، "دەمانەوێت پێکەوە بژین، بەیەکەوە کار بکەین، کچ و کوڕەکانی ئێمە لە پەیمانگەکان، لە زانکۆکان و لە خوێندنگەکان بەیەکەوە بن، دژ بە یەکدی نەبن وەکو کورد و تورکمان و عەرەب، بەیەکەوە هەمووان بڵێن ناسنامەکەمان کەرکووکییە."
هاوکات لەگەڵ دەستبەکاربوونی پارێزگار، بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو سەرۆکی ئەنجوومەنیش دەستبەکار ببێت و یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنیش بە سەرۆکایەتیی محەممەد ئیبراهیم بەڕێوەبچێت.
نەشئەت شاهوێز، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی، "پێموایە یەکشەممە یان دووشەممە کۆبوونەوەی خۆمان دەکەین، بۆئەوەی کە ئەو پڕۆژەیاسایانەی پێویست دەکات بۆ شاری کەرکووک لەڕووی رێکخستنەوە بۆ نێو ئەنجوومەنی پارێزگا، کاری لەپێشینەمان بێت، هەروەها کاراکردنی لیژنەکانی ئەنجوومەن بۆ خزمەتی خەڵکی کەرکووک."
ئەوەی یەکلایی بووەتەوە، هەریەک لە تورکمان و سێ ئەندامی عەرەب تاوەکو وەرگرتنی وەڵامی دادگای باڵای فیدراڵی، بایکۆتی دانیشتنەکان دەکەن، هەرچی پارتییە تائێستا بڕیاری کۆتاییان نەداوە، بەڵام دەڵێن، "گەر کۆبوونەوە بە رێکارە فەرمییەکاندا بڕوات، رەنگە بەشدار بن."
شۆخان حەسیب، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، "دابەشکردنی پۆستەکان دەمێنێتەوە بۆ دانیشتن و لێکنزیکبوونەوەکان، هەر کۆبوونەوەیەک کە بە فەرمی ئاگادار بکرێینەوە، ئامادە دەبین؛ بەڵام ئاگادار نەکرێینەوە وەکو ئەوەی پێشوو کە روویدا، ئامادە نابین."
لە کۆی 16 ئەندام، 7 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەم دۆخە ناڕازین. ئێستا یەکێتی و ئەو لایەنانەی لەگەڵی ئیدارەی نوێیان پێکهێناوە، سەرقاڵی گفتوگۆ و دانوستاندنن بۆ رازیکردنیان، بەڵام ئەگەر بڕیاری بایکۆت بەردەوام بوو، 9 ئەندامەکەی دیکە هەفتەی داهاتوو کۆدەبنەوە و پۆستە ماوەکان دابەش دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ