رووداو دیجیتاڵ
رێبوار تەها، یەکەم واژۆی وەکو پارێزگاری کەرکووک لەسەر نووسراوێکی فەرمیی کرد. نووسراوەکە بۆ خانەنشینکردنی راکان جبووری، پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک بوو.
لە نووسراوەکەی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 14ـی ئابی 2024)ـی پارێزگاری کەرکووک دا هاتووە "بە لەبەرچاوگرتنی تەواوبوونی ماوەی یاسایی تەمەن بۆ خانەنشینبوون و بەگوێرەی بڕگەی یەکەم لە مادەی 10ـی یاسای خانەنشینبوون، بڕیاردرا بە خانەنشینکردنی؛ راکان سەعید عەلی، وەکو جێگری پارێزگار/ پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک، جێبەجێکردنی بڕیارەکەش لە 1ـی 7ـی 2024ـەوە دەستپێدەکات."
ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "راکان جبووری وەکو پارێزگاری بەوەکالەت خانەنشینکراوە، بەڵام لە کارەکانی خۆی وەکو ئەندامی ئەنجوومەن بەردەوام دەکات."
گوتیشی، "جبووری تاوەکو کۆتاییهاتنی وادەی یاسایی ئەندامیێتیی لە ئەنجوومەن، مووچەی خانەنشینییەکەی بۆ هەژمار ناکرێت."
دوای ئەوەی شەوی 10ـی ئەم مانگە، لە کۆبوونەوەیەکدا لە بەغدا، رێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافز بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران؛ ئەرکی راکان جبووری وەکو سەرۆکی بەتەمەنی ئەنجوومەن کۆتاییهات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ